سەرۆکی هەتەشە بۆ یەکەم جار ناوی راستەقینەی خۆی بەکارهێنا
رووداو دیجیتاڵ
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری حەما لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ یەکەم جار ناوی راستەقینەی خۆی بەکارهێنا.
رۆژی پێنجشەممە 05-12-2024، دوای گرتنی شاری حەمای نێوەڕاستی سووریا لەلایەن دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی، سەرۆکی دەستەکە کە پێشتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی دەناسرا، بە ناوی راستەقینەی خۆیەوە پەیامێکی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە.
جۆلانی گوتی: "پیرۆزبایی لە خەڵکی حەما دەکەین بۆ ئەم سەرکەوتنەیان." جۆلانی ناوی خۆی بە (فەرماندە ئەحمەد شەرع) برد.
رۆژی 27-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام لە ئیدلبەوە هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر شاری حەلەب و لە دەستی حکومەتی سووریا دەریان هێنا. رۆژی 05-12-2024 چەکدارانی دەستەکە توانیان شاری حەما لە باشووری حەلەب کۆنتڕۆڵ بکەن و راشیانگەیاند، بەرەو شاری حومس، کە دەکەوێتە نێوان حەما و دیمەشق، پێشڕەوی دەکەن.
لە هەڤپەیڤینێکی 2021 لەگەڵ میدیای PBSـی ئەمریکی، جۆلانی پشتڕاستی کردەوە ناوی (ئەحمەد شەرع)ـە. گوتیشی، وشەی جۆلانی بۆ ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە (بەرزاییەکانی گۆلان) کە خێزانەکەی خەڵکی ئەوێن.
لە ساڵی 1967 ئیسرائیل بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی گۆلانی کۆنتڕۆڵکرد و بەخاکی خۆیەوە لکاند، ئەمەش ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و دانیان پێدا نەنا.
جۆلانی لە ساڵی 1982 لەدایکبووە، بە میدیا ئەمریکییەکەی گوت، باوکی لە گۆلان بەهۆی هێرشی ئیسرائیل ئاوارە بووە.
دەستەی تەحریری شام (جەبهەتول نوسرە)ـی پێشوو کە سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، لە ساڵی 2016ـوە رایگەیاند هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نەماوە و ناوی خۆیان گۆڕی. هەرچەندە هێشتا گرووپەکە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپادا هەیە.