چارەنووسی 15 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستان نادیارە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ، لەکاتێکدا 15 هەزار کوردی ئاوارەی عەفرین لە شەهباوە بەرەو تەبقە و رەققە دەهاتن، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رفێندران و تائێستا دیار نییە بەرەو کوێ براون و چارەنووسیان نادیارە.
ئەم خێزانانە بە لێکتێگەیشتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و دەستەی تەحریری شام- هەتەشە لە شەهبا دەردەکەوتن، بەڵام ئەو گرووپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رێککەوتنەکەیان تێکدا.
دەگوترێت ئەم گرووپانە دەڵێن: کاتێک ئەو 15 هەزار کوردە ئازاد دەکەن کە یەپەگە لە شێخ مەقسوود دەربچێت، یان لەو شوێنانە بکشێتەوە کە لە سێ رۆژی رابردوودا دەستی بەسەردا گرتوون.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان بە رووداوی راگەیاند، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دوای کۆنترۆڵکردنی شەهبا، رێگری لە 15 هەزار دانیشتووی ناوچەکە دەکەن لەوەی بەرەو ناوچە سەلامەتەکان بچن.
شێخمووس ئەحمەد دەڵێت: "دوێنێ دوو پاسمان بۆ شەهبا ناردن، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا - هێزەکانی حەمزات و سوڵتان موراد، رێگری لە خەڵکی دەکەن لەوەی ناوچەکە جێبهێڵن."
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هێرشێکیان بۆ سەر شەهبا دەستپێکردووە کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سووریا و لەژێر کۆترۆڵی هەسەدە دابوو. پێشتر هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی رانەگەیێندراو رێککەوتن بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ خەڵکی بکەنەوە تاوەکو بچنە ناوچە ئارامەکانی دیکەی کوردنشین لە پارێزگاکانی تەقبقە و رەقە.
ئێستا ئاوارەکانی شەهبا لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا لە کەمپ و مزگەوتەکان دەمێننەوە.
زۆربەی ئەوانەی لە شەهاب ئاوارە دەبن، پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی تورکیا و گرووپە نزیکەکانی بۆ سەر عەفرین، روویان لە شەهبا کردبوو.
رۆژی سێشەممە، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان بە رووداوی گوتبوو کە بەهۆی هێرشی ئەم جارەی گرووپە چەکدارەکانەوە، نزیکەی 100 هەزار کەس لە شەهباوە بەرەو تەبقە ئاوارە بوون. ئەمڕۆ بە رووداوی رایگەیاند، ژمارەکە بەرزنەبووەتەوە و نزیکەی شەش هەزار خێزان لە شەهبا گیریان خواردووە.
هەسەدە: گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر 120 ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیاندا گرتووە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە لەنێو خەڵکە سڤیلە گیرخواردووەکان لە ناوچەکانی شەهبا و باکووری حەلەب.
هەسەدە دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر 120 ئۆتۆمبێل و هۆکاری گواستنەوەی هاونیشتمانییان دا گرتووە کە سەتان خەڵکی سڤیلیان دەگواستەوە و بەنیاز بوون بەرەو سنوورەکانی ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی بچن.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە چەکدارەکان بەشێکی زۆری هاونیشتمانیانیان گواستووەتەوە ناوچەی شێخ نەجار و بەشێکی دیکەش چارەنووسیان نادیارە و نازانرێت بەرەو کوێ براون.
جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەم هەڵمەتە لە کاتێدایە پێشتر رێککەوتن کراوە بەوەی رێگری لە کەس نەکرێت.