گوتەبێژی پێنتاگۆن: هێزەکانمان لە سووریا لە باری ئامادەییدان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن رایگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا خستووەتە باری ئامادەیی و چاودێریی دۆخەکە دەکەن تاوەکو لە لایەن داعشەوە نەقۆزرێتەوە.
کەمێک لەمەوبەر، جەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمەی گوت.
جەنەڕاڵ پات رایدەر باسی لەوەش کرد، "ئێمە هەموو رێکارێک دەگرینەبەر کاتێک رووبەڕووی مەترسی ببینەوە... لەم رۆژانەشدا چەند جارێک گرووپی چەکدارمان بۆردوومان کردوون لە سووریا [لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دژ بە داعش]".
ئەم گوتانەی پێنتاگۆن لەکاتێکدایە، ئەمشەوی پێنجشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا رایگەیاند، چەکدارانی داعش رووبەرێکی فراوانیان لە پارێزگاکانی دێرەزوور و حمس داگیرکردووە.
هەسەدە راشیگەیاند، داعش دەیەوێت ناوچەی زیاتر کۆنترۆڵ بکات، بەڵام هێزەکانیان بە هەموو توانایانەوە رێگرییان لێدەکەن و "ناهێڵین سیناریۆی 2014 دووبارە ببێتەوە".
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە.
ئەو بارودۆخەی لە سووریا دروستبووە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعشی زیادکردووە، بەتایبەت لە پارێزگای دێرەزوور کە بنکەی سەربازیی ئەمریکای لێیە.