ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لەبارەی سووریا: دەیان هەزار سڤیل لە هەرێمێکی دەورەدراو بە ئاگر لە مەترسیدان
تەنیا ئەحمەد
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی پڕسۆز ئاراستەی گەلی سووریا دەکات، داوا دەکات هەموو لایەنەکان کار بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکەن و دەڵێت: "سووریا خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەتەکانە، جێگەی داخە شاهێدی لێکترازانی سووریاین."
رۆژی پێنجشەممە، 05-12-2024 ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و گوتی، "تازە قسەم لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، [رەجەب تەیب ئەردۆغان] کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکان. جەختم لە هاوکاریی مرۆیی دەستبەجێ و بەپەلە بۆ هەموو سڤیلە لێقەوماوەکان کردەوە، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پرۆسە سیاسییەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیکرد و بۆ راگرتنی ئەم خوێنڕشتنە."
رۆژی 27-11-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام لە ئیدلبەوە هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر شاری حەلەب و لە دەستی حکومەتی سووریا دەریان هێنا. رۆژی 05-12-2024 چەکدارانی دەستەکە توانیان شاری حەما لە باشووری حەلەب کۆنتڕۆڵ بکەن و راشیانگەیاند، بەرەو شاری حمس، کە دەکەوێتە نێوان حەما و دیمەشق، پێشڕەوی دەکەن.
گوتێرێز گوتی: "هەموو لایەنەکان [لە سووریا] مەرجە لەسەریان پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بن بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل بپارێزن. دەیان هەزار سڤیل لە هەرێمێکی دەورەدراو بە ئاگر لە مەترسیدان."
دیپلۆماتە پۆرتوگالییەکە رایگەیاند، دوای 14 ساڵ لە تەنگەژە و شەڕ، ئێستا گرنگە هەموو لایەنەکان "بە جیدییەوە کار لەگەڵ گیەر پێدرسن بکەن، کە نێردەی تایبەتی منە بۆ سووریا، بۆ ئەوەی رێبازێکی نوێ، هەمەگر و تێروتەسەل بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، ئەمەش بە هاوشانی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش."
لەبارەی بەخشندەیی گەلی سووریا، گوتێرێز گوتی: "لەماوەی کارکردنم وەکو کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، بەخشندەیی بێوێنەی گەلی سووریام بینی کاتێک دڵ و ماڵەکانیان بۆ پەنابەری بێشووماری عێراقی کردەوە. لە سووریا هیچ کامپێکی پەنابەران بۆ عێراقییەکان نەبوو، چونکە ئەوان لەگەڵ خەڵکی سووریا پێکەوە دەژیان."
رۆژی پێنجشەممە، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کۆنترۆڵکردنی شاری تەلبیسەی لە پارێزگەی حمس راگەیاند، بەوەش تەنیا 10 کیلۆمەتری ماوەی بگاتە نێوەندی شاری حمس.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، سوپای سووریا نزیکەی 200 بارهەڵگری سەربازی بە چەکەوە گواستووەتەوە بۆ حمس بۆ ئەوەی هێڵەکانی بەرگریی بەهێز بکات.
دەقی قسەکانی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
دەمەوێت چەند قسەیەک لەسەر پێشهاتە دراماتیکی و مەترسیدارەکانی سووریا بکەم، کە لەپێش چاوەکانمان روودەدەن. تازە قسەم لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، [رەجەب تەیب ئەردۆغان] کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکان.
جەختم لە هاوکاریی مرۆیی دەستبەجێ و بەپەلە بۆ هەموو سڤیلە لێقەوماوەکان کردەوە، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پرۆسە سیاسییەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیکرد بۆ راگرتنی ئەم خوێنڕشتنە.
هەموو لایەنەکان [لە سووریا] مەرجە لەسەریان پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بن بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل بپارێزن. ئێستا ئەو هێرشە شەڕانگێزییە لەلایەن دەستەی تەحریری شام و چەند گرووپێکی دیکەی چەکدارییەوە، کراوەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی سووریا. دۆخەکە چەندین گۆڕانکاری لە بەرەکانی جەنگ دروستکردووە.
دەیان هەزار سڤیل لە هەرێمێکی دەوردراو بە ئاگر لە مەترسیدان. خەریکە شاهێدی ئەنجامە نەرێنییەکانی شکستەکانی رابردوو دەبین کە نەتوانرا گرژییەکان کەمبکرێتەوە، کە نەتوانرا بکرێتە هۆکارێک بۆ ئاگربەست یان پرۆسەیەکی سیاسیی مانادار، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. دەبێت ئەوان بگۆڕدرێن.
دوای 14 ساڵ لە تەنگژە و شەڕ، ئێستا گرنگە هەموو لایەنەکان بە جیدییەوە کار لەگەڵ گیەر پێدرسن بکەن، کە نێردەی تایبەتی منە بۆ سووریا، بۆ ئەوەی رێبازێکی نوێ، هەمەگر و تێروتەسەل بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، ئەمەش بە هاوشانی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش. ئێستا کاتی دیالۆگی جیدییە.
بە مانایەکی دیکە، ئامانجەکە بریتییە لە گەڕاندنەوەی سەروەریی، یەکگرتوویی، سەربەخۆیی و سەلامەتی خاکی سووریا؛ ئەمەش بە بەجێگەیاندنی خواستە رەواکانی گەلی سووریا. سووریا خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەتەکانە، جێگەی داخە شاهێدی لێکترازانی سووریاین.
لەماوەی کارکردنم وەکو کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، بەخشندەیی بێوێنەی گەلی سووریام بینی کاتێک دڵ و ماڵەکانیان بۆ پەنابەری بێشووماری عێراقی کردەوە. لە سووریا هیچ کامپێکی پەنابەران نەبوو بۆ عێراقییەکان، چونکە ئەوان لەگەڵ خەڵکی سووریا پێکەوە دەژیان.
زۆر خەمبارم کە دەبینم ئازاری خەڵک لە زیادبووندایە، هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش بەردەوامە. دووبارە داوا لە هەموو ئەوانە دەکەم کە کاریگەرییان هەیە، کاری خۆیان بۆ ئەو گەلەی سووریا بکەن کە ماوەیەکی زۆرە دەناڵێنن.
زۆر سوپاس