وەزیری بەرگریی سووریا: لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان لە شەڕێکی سەختداین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى بەرگریى سووریا کشانەوەى سوپاى وڵاتەکەى لە شارى حەما بە تاکتیکى و کاتى ناو دەبات و دەڵێت، "لە شەڕێکى قورس و بەردەوامداین".
ئەمشەو 5ى کانوونى یەکەمى 2024، عەلى مەحموود عەباس، وەزیرى بەرگریی سووریا لە پەیامێکى ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "شێوازى کشاندنەوە و پێشڕەوى لە شەڕەکاندا پەیڕەو دەکەن و ئەوەش بۆ پارێزگاری بووە لە زیانى گیانى و گوتى، "لە شەڕێکى قورس و بەردەوامداین".
ئەو پەیامەى وەزیرى بەرگریی سووریا هاوکات بوو لەگەڵ چوونە ناوەوەى چەکدارانى دەستەى تەحریرى شام بۆ ناو شارى حەما.
عەلى مەحموود عەباس گوتى، "دووبارە بڵاوبوونەوەى سوپا لە دەرەوەى شارى حەما بۆ ئەوە بووە گیانى هاوڵاتیانى سڤیل بپارێزین و گرووپە تیرۆریستییەکان کە چوونەتە نێو شارەکە ئەو پرسەیان بۆ چەواشەکردنى بەکارهێناوە".
شارى حەما نزیکەى 220 کیلۆمەتر لە دیمەشقى پایتەخاتى سووریاوە دوورە، لە دواى دروستبوونى ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە لە ساڵى 2011، شارى حەما هەر لەژێر دەستى سوپاى سووریا بووە.
وەزیرى بەرگرىی سووریا دەشڵێت، "ئەوەى ئەمڕۆ لە حەما روویدا رێکارێکى تەکتیکی کاتییە و هێزەکانمان هێشتا لە دەوروبەرى شارى حەمان و ئامادەن بۆ وەرگرتنەوەى".