ئاکپارتی: دروستبوونی پشێوی لە ئیدلب، لێشاوی نوێی کۆچ بەدوای خۆیدا دەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بریاری و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئەو پارتە باسی لە چەند خاڵێکی تایبەت بە کۆبوونەوەکە و رۆژەڤی ناوچەکە کرد.
 
چەلیک لەبارەی دۆخی هەنووکەیی ئیدلب گوتی، "بەهۆی ئەوەی لە نزیکەوە پەیوەندیی بە سنوورەکانمانەوە هەیە، پێشهاتەکانی سووریا یەکێکە لە رۆژەڤەکانمان. لە کۆبوونەوەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتە دەکەین. ئێمە تا بۆمان بکرێ گرنگی بە پاراستنی ئاشتەوایی لە ئیدلب دەدەین. دروستبوونی پشێوی لە ئیدلب لێشاوی نوێی کۆچ و تراژیدیای مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەوەی ئەمە روونەدا بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین".
 
لە کۆتایی مانگی ئەیلوول، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی رەوشی ئیدلب و چەند تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە. لەبارەی رەوشی ئیدلب، ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێکەوە لەگەڵ پووتین "جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت لەو بوارەدا هەنگاو بنێین و چارەسەرێکی هەمیشەیی، کۆتایی و ماوەدرێژ بەدەستبهێنین".
 
پێش کۆبوونەوەکە رووسیا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بۆردوومانەکانی لە باکووری رۆژئاوای سووریا زیادکردبوو؛ رۆژی یەکشەممە 26-09-2021 فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا ناوچەیەکیان لە نزیک شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و بەو هۆیەوە 11 چەکداری هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا کوژران.
 
گوتەبیژی ئاکپارتی هەروەها ئاماژەیکرد کە لە نزیکەوە چاودێریی کارەکانی نووسینەوەی دەستووری سووریا دەکەن. چەلیک هەروەها لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی، "بابەتێکی دیکە جموجووڵی رێکخراوە تیرۆرستییەکانە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی فورات، هەروەها ئەو پشتیوانییانەیە کە لەلایەن وڵاتانەوە بۆیان دەنێردرێت. ئەو بابەتانە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین".
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردووشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئەمریکا گرت و رایگەیاند کە پشتیوانییەکی یەکجار زۆر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ یەپەگە دەنێردرێت.