دەستەی تەحریری شام: چارەنووسی یەپەگە لە سووریا بە ئەمریکاوە بەندە

05-09-2021
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن یەپەگە تەحریری شام
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی تەحریری شام دەڵێت، چارەنووسی "یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە" بە ئەمریکاوە بەندە و ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانێک هەبوو حکومەتی سووریا کەمترین مافی بە کورد رەوا نەدەبینی، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە باش بوو.
 
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام بە میدیای بەریتانیی راگەیاندووە، "یەپەگە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە و چارەنووسی بەندە بە مانەوەی ئەمریکاوە. دوای ئەوەی ئەمریکا لە سووریا دەرچوو، یەپەگەش نامێنێت؛ ئەو کاتە دیمەنی هاوشێوەی کەوتنەخوارەوەی خەڵک لە فڕۆکەوە کە لە ئەفغانستان روویدا، لێرەش دووبارە دەبێتەوە".
 
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوە تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە روونادات، بەڵکو لە شوێنەکانی دیکەی "سووریاش روودەدات. لەگەڵ رۆیشتنی رووسیا، کەسانێک دەبینین کە خۆیان بە فڕۆکەکانی رووسیاوە هەڵدەواسن و لە ئاسمانەوە دەکەونە خوارەوە".
 
ئەبو محەممەد جۆلانی گوتیشی، گەلی کورد گەلێکی موسڵمانە و بەشێکی سەرەکیی دانیشتووانی سووریاش پێکدەهێنێت، دەشڵێت "پێشتر رژێم تەنانەت بچووکترین مافی کوردی نەدەدا و تەنانەت ناسنامەشی پێ رەوا نەدەبینین، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە کە یەپەگەش دەگرێتەوە، زۆر باش بوو. ئێوە دەزانن کە ئەو کات عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا دەژیا و رژێم یەپەگەی دژی تورکیا بەکاردەهێنا. دواتر ئەمریکا بە سوودوەرگرتن لە چەوساندنەوەی کورد، یەپەگەی گەورە و بەهێز کرد".
 
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە لە ئیدلبە باسی لەوەش کرد، شۆڕشی سووریا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و "چۆن لە ئەفغانستان ئیرادەی گەل سەرکەوت، لە سووریاش هەمان شت روودەدات".
 
دەستەی تەحریری شام گرووپێکی چەکداریی سوننەیە و لە 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2017 دامەزرا، ئەوەش دوای تێکەڵبوونی چەند گرووپێکی چەکداری. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، گرووپەکە نزیکەی 20 هەزار چەکداری هەیە. دەستەی تەحریری شام بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە وەکو لقی سووریای رێکخراوی ئەلقاعیدە کار دەکات و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسەکانیشی تێڕوانینێکی تووند و پەڕگیرانەیان هەیە، بەڵام گرووپەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "پێکهاتەیەکی سەربەخۆیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە