سەرۆکایەتیی سووریا مردنی راوێژکاری تایبەتی ئەسەد رادەگەیێنێت؛ بە "خانمی دووەم" ناودەبرا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا گیانلەدەستدانی لونا شبل، راوێژکاری تایبەتی بەشار ئەسەد لە ئەنجامی رووداوێکی دوو رۆژ لەمەوبەری هاتووچۆدا راگەیاند.
 
لونا شبل لە ساڵی 2003 تاوەکو 2010 وەک پێشكێشکار لە کەناڵی جەزیرەی قەتەری بوو، ساڵی 210 گەڕایەوە سووریا بۆ ئەوەی لە میدیای سەر بە حکومەتی سووریا کار بکات.
 
دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوخۆی سووریا، لونا سەرەتا وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی سیاسی و راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا و دواتریش وەک راوێژکاری تایبەتی سەرۆکایەتی دەستی بە کارکردن کرد.
 
 
نووسینگەی سیاسی و راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دووی تەممووز بڵاویکردەوە، لونا لە رێگەیەکی بەرەو دیمەشق تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و گوێزراوەتەوە بۆ یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەیەکی پایتەختی سووریا.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لونا لە سەریدا تووشی خوێنبەربوون ببوو.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا باسی لەوە کردبوو، ئۆتۆمبێلی لونا شبل لە رێڕەوی خۆی دەرچووبوو.
 
بەڵام سەرچاوە هەواڵییە خۆجێیەکانی دیکە، رووداوەکە بە شێوەیەکی دیکە دەگێڕنەوە و گومان دەکەن دەستی لە پشتەوە بووبێت.