رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم دەڵێت، مانگی نیسان بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هاوبەشە خۆجێیەکانی، 35 ئۆپەراسیۆنیان لە سووریا و عێراق دژی داعش ئەنجامداوە و 13 ئەندامی داعشیان کوشتووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە 28 ئەندامی دیکەی داعشیان دەستگیرکردووە.
سێنتکۆم دەڵێت، 25 لەو ئۆپەراسیۆنانە لە عێراق ئەنجامدراون کە لە ئەنجامیاندا 9 ئەندامی داعش کوژراون و 7ی دیکەش دەستگیرکراون.
10 ئۆپەراسیۆنەکەی دیکەش لە سووریا ئەنجامدراون کە تێیاندا 4 ئەندامی داعش کوژراون و 21ی دیکەیان دەستگیرکراون. ئەو هێزە ئەمریکییە کە بەشێکی سەرەکی ئەرکەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، دەڵێت: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە پابەندبوونی بەردەوامی ئێمە بە لەنێوبردنی داعش پیشاندەدەن"، ئاماژە بەوەش دەکات کە هێشتا پێویستی بە هەوڵی سەربازییە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داعش تاوەکو گرووپە پەڕگیرەکە شوێنپێیی خۆی لە هیچ شوێنێک نەکاتەوە.
لە عێراق و باشووری کوردستان، سێنتکۆم دەڵێت، "سەربازەکانی هێزی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوامن لە راوێژدان، یارمەتیدان و توانادارکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە کە سەرکردایەتیی شەڕی دژی داعش لە عێراق دەکەن."
لە سووریا و رۆژئاوای کوردستایش، سێنتکۆم دەڵێت "لە شەڕی دژی داعشدا، بەشێوەیەکی گەورە پشت بە هاوبەشە خۆجێییەکانمان، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبەستین."
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت: "سێنتکۆم پابەندە بە لەنێوبردنی بەردەوامی داعش."
راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات کە "لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، تێبینیی کەمبوونەوەی بەرچاوی هێرشەکانی داعشمان کرد بەراورد بە ساڵی رابردوو. ئێمە وا لێکی دەدەینەوە کە ئەمە بەهۆی زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوبەشەکانمانەوە بووبێت."
مانگی رابردوو، ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە و هاوبەشەکانی بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی هێرشەکانی داعش لە عێراق بە رێژەی 68٪ و لە سووریاش بە رێژەی 55٪ بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ