رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی قوبرس داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا دەکات هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ دۆخی سووریا بکەن و ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بە ئارام بناسێنن تاوەکو بتوانن کۆچبەر و پەناخوازی بۆ بگەڕێننەوە.
کۆنیستانتینۆس لوانۆ، وەزیری ناوخۆی کۆماری قوبرس لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری نێوخۆی ئەورووپادا، ئەمەی بە وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپای راگەیاند.
وەزیری ناوخۆی قوبرس ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپا پشتگیری لە پێشنیازەکەی تایبەت بە سووریا دەکەن و گوتی، وەزیرانی ناوخۆی یۆنان، نەمسا و سوێد هاوڕان لەسەر پێشنیازەکەی و داوا دەکەن پێداچوونەوە بە سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا لەبارەی سووریا بکەن.
کۆنیستانتینۆس لوانۆ گوتیشی، "چوونی کۆچبەران بۆ ئەورووپا لە رێگەی دەریاوە ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە سیاسەتە کۆنەکانی ئەورووپا تایبەت بە کۆچبەران سەرکەوتوو نەبوون".
وەزیری ناوخۆی قوبرس ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەناخوازان (EUAA)، چەند شارێکی سووریا ئارامن، لەوانەش شاری دیمەشقی پایتەخت و تەرتووس.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی قوبرس، ساڵی رابردوو چوار هەزار و 259 کۆچبەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و لوبنان لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە قوبرس.
قوبرس یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەورووپا کە سیستمی دیپۆرتکردنەوە پەیڕەو دەکات و ساڵی 2023 زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەری نایاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە دیپۆرتکراونەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی باکوور و نێوەڕاستی ئەفریقا بوون.
شەڕی نێوخۆی سووریا، کە ساڵی 2011 دەستی پێکرد، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 13 ملیۆن کەس و کۆچبەربوونی زیاتر لە 6.7 ملیۆن کەسی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ