سووریا
چەکدارانی دژی حکومەتی سووریا مووشەکێک ئاراستەی سوپای سووریا دەکەن لە حەما لە 4-12-2024، وێنە: Bakr AL KASSEM / AFP
رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا رایگەیاند، دەستی بە هێرشی پێچەوانە کردووە بۆ سەر چەکدارانی دەستەی تەحریر شام و گرووپەکانی دیکەی سەر بەو رێکخراوە لە دەووروبەری شاری حەما.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-12-2024) بڵاویانکردەوە، سوپای سووریا لە شاری حەما لە نێوەڕاستی سووریا دەستی بە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی دەستەی تەحریر شام کردووە.
حەما، بە شارێکی ستراتیژی دادەنرێت بەوەی لەسەر رێگەی سەرەکییە بۆ دیمەشقی پایتەخت و بە کەوتنیشی، پێشڕەویی گرووپە چەکدارەکان بەرەو پایتەخت ئاسانتر دەبێت.
سێ رۆژە شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای سووریا لە دەوروبەری شار حەما بەردەوامە، ئەمەش لەدوای پێشڕەوییە خێراکەی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دێت، لە 27ـی مانگی رابردووەوە، کە زیاتر لە 200 شارۆچکە و گوندی لە باکوور و رۆژئاوای سووریا کۆنترۆڵ کرد.
بە درێژایی 13 ساڵی شەڕی ناوخۆی سووریا، شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەد دا بوو، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لە ماوەی 48 کاژێردا کۆنترۆڵیان کرد.
هەرچەندە پێشڕەویی گرووپە چەکدارەکان لە رۆژانی سەرەتا خێرا بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕێکی سەخت لەدەوروبەری حەما دروست بووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان دوێنێ، گرووپە چەکدارەکان توانیان بگەنە دەروازەی شاری حەما.
سەرچاوە خۆجێییەکان، ئاماژە بەوەش دەکەن، جگە لە هێزی زەوینی، سوپای سووریا، لە ئاسمانیشەوە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی تەحریر شام دەستپێکردووە و، تاوەکو پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، سوپا ژمارەیەک گوندی لەنزیک حەما کۆنترۆڵ کردووەتەوە.
پاش دەستپێکردنی هێرشی سوپای سووریاش، میدیای فەرمی ئەو وڵاتە رایگەیاند "سوپا دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لەدژی گرووپە تیرۆرستییەکان لە باکووری پارێزگەی حەمما."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە باکوور و رۆژئاوای سووریا ئاوارەبوون. هەروەها 704 کەس کوژراون، کە 110ـیان سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ