ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور دەیەوێت متمانە لە سەرۆکی وڵات وەربگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور دەڵێت، بەهۆی راگەیاندنی باری لەناکاو، خستنەکاری دەسەڵاتی سەربازی و قەدەخەکردنی سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵات، داوای لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵاتەکەیان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکە دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور رایگەیاند، "سکاڵا لە دژی یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور، ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی و پۆلیس تۆماردەکەین". دەشڵێت، گوشار بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن.
گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور یەکەمین لایەن نەبوو کە گوشار بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە یوون بکات، بەڵکو دوای راگەیاندنی باری لەناکاو گەورەترین سەندیکای کرێکارانی کۆریای باشوور، بەناوی کەی سی تی یو، داوای مانگرتنی گشتی کرد، تاوەکو ئەو کاتەی سەرۆک دەست لەکار دەکێشێتەوە.
بڕیاری راگەیاندنی باری لەناکاو چۆن بوو و چی روویدا؟
دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. هەروەها سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتیشی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن.
بڕیارەکە ناڕەزاییێکی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە.
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکە، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیری کردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، 280 سەرباز بە پاڵپشتیی 24 هێلیکۆپتەر چوونە باڵەخانەی پەرلەمان و ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵکرد. بەڵام دواتر، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ (190 لەکۆی 300) بڕیارەکەی سەرۆکی هەڵوەشاندەوە. دواتر سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی باری لەناکاو جێبەجێ دەکات.
هۆکاری بڕیارەکە چی بوو؟ سەرۆک بە تەنیا چۆن توانی بڕیارەکە بدات؟
لە کۆریای باشوور سەرۆک لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە هەمان کاتدا نین. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2022 کرا، بەڵام دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان نیسانی ئەم ساڵ کرا. سەرۆک، کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و ئەو سەرۆکوەزیران دیاریدەکات، بەڵام پێویستە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێت.
پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور کە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیە، لە دوایین هەڵبژاردندا 174 کورسی لە کۆی 300 کورسی بردەوە، پارتی هێزی گەلیش، کە سەرۆک تێیدا ئەندامە، 108 کورسی بردەوە.
بەم جۆرە، ئەو پارتەی سەرۆکی کۆریای باشوور سەرۆکایەتی دەکات یان ئەندامیەتی، مەرج نییە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت. ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت رێگری لەو یاسایانە بکات کە پاڵپشتی سەرۆک و حکومەتیان هەیە، لەوانەش پەسندکردن یان رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە.
پارتی سەرۆکی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە چەندین ناکۆکییان هەیە، لەنێویاندا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە. سەرۆک پاڵپشتی دەکرد و ئۆپۆزیسیۆنیش رێگری لە پەسندکردنی دەکرد. ئەمە و ژمارەیەک کێشەی دیکە بوونە هۆی بڕیارەکە و وای لە سەرۆکی وڵات کرد ئۆپۆزیسیۆن بە لایەنگری کۆریای باکوور تۆمەتبار بکات.