رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند؛ پێشڕەویی هێزەکانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بەرەو شاری حەمای سووریا بەردەوامە و توانیویانە رێگەی نێوان رەققە – حەما لە بادییەی سووریا، هەروەها رێگەی نێوان حەلەب – حەما دابخەن.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هەتەشە توانیویەتی هەریەک لە گوندەکانی شێخ هیلال، سەعن و سرووج لە دەوروبەری حەما کۆنترۆڵ بکات، دوای ئەوەی رووبەڕووی هێزەکانی سووپای سووریا بوونەوە و "بەهۆیەوە 9 سەربازی سوپا کوژران، دوای پێکدادانەکانیش سوپا بەرەو هەندێک ناوچەی نزیک حمس پاشەکشەیان کرد، ئێستا چەکدارانی تەحریر شام چەند کیلۆمەترێک لە گوندەکانی تائیفەی عەلەوی و ئیسماعیلییە دوورن، کە دەکەونە ناوچەی سلمییە لە رۆژهەڵاتی حەما."
بەگوێرەی روانگەکە، هەر ئەمڕۆ، چەکدارانی دەستەی تەحریر شام چەند پێگەیەکی سوپای سووریایان لە چیای زەین عابدینی نزیک شاری حەما بۆردوومان کرد، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ پێشڕەویکردنیان بەرەو شارەکە.
جگە لەوەی چەکدارانی تەحریر شام توانیان کۆنترۆڵی ناوچەکانی سماقیات، کفرڕاع، مەعرشحوور، مەعردەس و ئەکادیمیای زرێپۆشەکان بکەن، کە سەربازگەی فیرقەی 25، لیوای 87 بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەند کاژێری رابردوودا، چەکدارانی تەحریر شام هەوڵیان داوە گوندی کەریمی نزیک جۆرین کۆنترۆڵ بکەن، کە ئەو ناوچەیە یەکێک لە گەورەترین سەربازگەکانی سوپای سووریای تێدایە، بەڵام سەربازانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگریان، بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە. لە رووبەڕووبوونەوەکاندا چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سووری، لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ (چوارشەممە) 99 کەس کوژراون، لەوانە:
- سێ سڤیل، کە یەکێکیان رۆژنامەڤانە و هاووڵاتییەکەی دیکە بەهۆی بۆردوومانی هەتەشە بۆ سەر حەما کوژراوە.
- 48 چەکداری هەتەشە
- پێنج چەکداری سوپای نیشتمانیی سوویا
- 43 سەربازی سوپای سووریا، کە پێنجیان ئەفسەرن و چواریشیان چەکداری گرووپەکانی لایەنگری سووریان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ