ئۆپۆزسیۆنی سووریا: لە کۆنترۆڵکردنی حەما نزیک دەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕ و پێکدادانێکی چڕدا، بەشێكی سەربازانی سوپای سووریا هێڵی بەرگریی پێشەوەی شاری حەمایان جێهێشت و بەرەو هێڵەکانی دواوە کشانەوە.
چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دوای سەرکەوتنیان، وەک لە سەرەتای ئەم راپۆرتە دا دەبینرێن، تانکێکی نیمچەتێکشکاوی سوپای ئەو وڵاتە لە بەشی باکووری شاری حەما چاک دەکەنەوە.
ئەبوو هادی سۆرانی، چەکداری ئۆپۆزسیۆن دەڵێ "ئێمە، ئێستا لە شاری سۆرانین، لە دەوروبەری حەما و بەرەو ناوەندی شارەکە پێشڕەوی دەکەین، زۆر نزیکین لە کۆنترۆڵکردنی."
چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری رۆژئاوای شاری حەما پێشڕەوییان کردووە و کەمتر لە 7 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورن. لە دیوی باکووری رۆژهەڵاتیشەوە، چوونەتە پێشەوە و لەو قۆڵەوە 5 کیلۆمەتریان ماوە بگەنە ناوەندی حەما، ئەگەر بگەنە رێگەی سەرەکیی ئێم 5، شارەکە کۆنترۆڵ دەکەن.
لە هەشتەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی "بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی"؛ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی "شەریعە" و شەش شارۆچکەیان لە باکووری رۆژئاوای حەما راگەیاندووە، ئەمە هەواڵێکە هێشتا پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام دیمەشق پێچەوانەکەی دەڵێت کە گوایە گرووپە چەکدارەکان شکستیان هێناوە.
کەچی ئاوارەبوونی بەشێكی دانیشتووانی حەما، ئاماژەیەکە لەسەر پێشڕەویی ئۆپۆزیسیۆن.
ئادەم عەبدوڵڵا، هاوئاهەنگکاری UN بۆ کاروباری مرۆیی سووریا گوتی "ئەمڕۆ هەڵکشان دەبینین، چڕبوونی پێکدادانەکان دەبینین لە دەوروبەری شاری حەما. هۆشداری دەدەین لە رەوشی خراپی خەڵکانی سڤیل و ئاوارەبوونی هەزاران کەس."
یەکێک لە هۆکارەکانی پاشەکشەی سوپای سووریا؛ لاوازیی بەشداریی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان و کەمی بۆردوومانەکانی رووسیایە لە سووریا؛ لەژێر گوشاری شەڕی ئۆکراینا، رووسیا لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا؛ ژمارەی فڕۆکەکانی لە بنکەی ئاسمانی حمێمیم لە سووریا لە 30 فڕۆکەوە بۆ کەمتر لە 10 دانە، کەم کردووەتەوە.
دەگوترێت گەیشتن بە حمس، هێندەی بەسە حەما کۆنترۆڵ بکەیت، ئەگەر ئەو سیناریۆیە بێتەدی؛ دیمەشق دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆ و جیدیی گرووپە چەکدارەکان.