راوێژکارێکی پێشووی پووتین بۆ رووداو: رووسیا جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵی بۆ سووریا پێ باشە

04-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
سێرگی مارکۆڤ، راوێژکاری پێشووی ڤلادیمیر پووتین
سێرگی مارکۆڤ، راوێژکاری پێشووی ڤلادیمیر پووتین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چوار قۆڵیی رووسیا، تورکیا، سووریا و ئێران تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا سیستمی فیدراڵی بۆ سووریا پێ باشە.
 
رۆژی چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024 سێرگی مارکۆڤ، راوێژکاری پێشووی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی چوار قۆڵی رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەکرێت و بەدڵنیاییشەوە لەو کۆبوونەوەیە کار دەکرێت بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەی بەشداری دەکەن بەشێوازێک کە ئەنجامی ئەرێنی هەبێت."
 
مارکۆڤ گوتیشی، "رەنگە لە کۆتایی مانگی ئەیلوول یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، بەڵام ناتوانم بە دیاریکراوی کاتەکە بڵێم."
 
نزیکەی دوو ساڵە تورکیا هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا دەستپێکردووە؛ سووریا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت تورکیا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە پێش ئەوەی پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە.
 
لەبارەی رۆڵی مۆسکۆ لەو پرۆسەیەدا سێرگی مارکۆڤ گوتی، "رووسیا ئاشتی دەوێت. رووسیا یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی جیهان کە ئاشتی دەوێت. هەشت ساڵ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، ڤلادیمیر پووتین هەوڵیدا کێشەی ئۆکراینا ئاشتییانە چارەسەر بکات. ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا باش بن، بەدڵنیاییەوە ئەو کێشەیەی لە سنووری هەردوو وڵات هەیە، چارەسەر دەبێت. ئەو کات رووسیا دەستکراوەتر دەبێت لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەمجارە رووسیا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا، راوێژکارەکەی پێشووی ڤلادیمیر پووتین گوتی، "ئەمجارە ئەوە رووسیا نەبوو دەستپێشخەری کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵکو داوای سەرۆککۆماری تورکیا بوو کە رایگەیاند ئامادەیە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و لەگەڵ سەرۆکی سووریا دابنیشێت. لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆکی رووسیا دەتوانێت باشتر کار لەسەر ئەو بابەتە بکات و نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بکات. بۆیە پێشبینی ئەنجامی ئەرێنی لەو کۆبوونەوەیە دەکەم."
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی 01ی ئەیلوولی 2024 رایگەیاند، تورکیا ئامادەیی دەربڕیووە هێزەکانی لەنێو خاکی سووریا بکشێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خاڵەکانی تایبەت بەو بابەتە رێککەوتنییان لەسەر نەکراوە.
 
رۆژی 25ی ئابی 2024یش بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا کرد و رایگەیاند، هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
 
ئەسەد گوتی، "ئاساییکردنەوە پێویستی بە کرانەوە هەیە؛ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان پێویستی بە لابردنی ئەو هۆکارانە هەیە کە یەکەمجار بوونە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکان". 
 
سەبارەت بە لووتکە چوارقۆڵییەکە، ئەو راوێژکارەی پێشووی سەرۆکی رووسیا گوتی، "سەرۆکی رووسیا خۆشحاڵ دەبێت ئەگەر کۆبوونەوەکە لە سۆچی یان مۆسکۆ بکرێت. دەتوانم بڵێم کە بڕیارە کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی وڵاتانی بەشداربوو بکرێت و بەشار ئەسەد و سەرۆکی تورکیاش بەشداربن. ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوە دەبێتە بۆمبێک بۆ ئەمریکییەکان، چونکە ئەوان زۆر پێیان ناخۆشە رووسیا ئەو نێوەندگیرییە بکات". 
 
مانگی تەمموز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامادەیە بانگهێشتی هاوتا سوورییەکەی بکات تاوەکو گفتوگۆ بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. سەرۆکی سووریاش وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام بە مەرجێک نێوەڕۆکی گفتوگۆکان دیاری بکرێن و ئاماژەشی بەوە کرد، بوونی هێزەکانی تورکیا لە سووریا بەربەستی سەرەکی بەردەم ئەو پرۆسەیەیە. 
 
سێرگی مارکۆڤ بە رووداوی گوت، رووسیا لەگەڵ سیستمی فیدراڵییە بۆ سووریا، بەڵام بەشێوەیەک نەبێت ئۆتۆنۆمی بۆ هەموو ناوچەکان بێت. ئەو راوێژکارە پێشووی ڤلادیمیر پووتین گوتی، "وەک دەزانین تورکیا نیگەرانە لەوەی کە ئەو ناوچانەی باکووری سووریا یان بڵێن کوردانی سووریا ئۆتۆنۆمییان هەبێت، چونکە پێی وایە ئەوانەی لەو ناوچانەن کار بۆ تۆتۆنۆمی دەکەن یان تورکیا دەڵێت شەڕ بۆ سەربەخۆیی کورد دەکەن؛ ئەوە پرسێک دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆکان قسەی لەسەر دەکرێت."
 
مارکۆڤ گوتی، "رووسیا دەستپێشخەری ئەوەی کردووە جۆرە فیدراڵییەتێک لە سووریا هەبێت، نەوەک ئەوەی تەنیا دەسەڵاتێکی ناوەندی هەبێت و هەموو دەسەڵاتێک لە دیمەشق بێت؛ نەخێر، سیستمێکی فیدراڵی هەبێت باشە و ئەوەش ئەو سیستمەیە رووسیا خوازیاریەتی و پێی وایە باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". 
 
ئەمریکا، جگە لە پشتگیریکردنی سەربازی و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، 900 سەربازیشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. 
 
مانگی تەممووز گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیایە و ‌هۆشداریشیدا لە نزیکبوونەوەی وڵاتان لە حکومەتی سووریا.
 
لەبارەی ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا، سێرگی مارکۆڤ گوتی، "ئەمریکا گوایە بۆ شەڕی داعش لە سووریایە، بەڵام ئەوانە هەموو پڕوپاگەندەن. رەنگە خەڵک بپرسێت ئەی رووسیا لە سووریا چی دەکات؟ سووریا خۆی داوای کردووە رووسیا لەوێ بێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە، بەڵام بوونی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی سووریا نییە. ئەمریکییەکان لەوێن بۆ ئەوەی دۆخەکە تێکبدەن و ناسەقامگیریی زیاتر لە سووریا بڵاو بکەنەوە، پێچەوانەی رووسیا کە دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات."
 
تورکیا لەساڵی 2011، سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد پچڕاند، ئەوەش دوای دەستپێکردنی شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سووریا و دواتریش سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە و پشتگیریی تورکیا لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە