مەزڵووم عەبدی لەبارەی دۆخی دێرەزوور: سەقامگیریمان گەڕاندووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت هێزەکانیان "لە دابینکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و فەراهەمکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان بەردەوامن، ئەوەش لە رێگەی ناردنی هێزی زیاترەوە." 
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، مەزڵووم عەبدی لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی دۆخی دێرەزوور رایگەیاند، "سەقامگیریمان گەڕاندووەتەوە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی پارێزراوە." ئەوەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەسەدە رایگەیاند، هێزی زیاتریان رەوانەی دێرەزوور کردووە. 
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت، هێشتا تورکیا و هێزە چەکدارەکانی هێرش دەکەنە سەر تەل تەمر و منبج بە مەبەستی شکاندنی ویستی گەلەکەمان و دروستکردنی پشێوی.
 
پێشتر، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، هێزێکی گەورەی هەسەدە رەوانەی شارۆچکەی زووبیان لە دێرەزوور کراوە، ئەوەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لەو شارۆچکەیە و سنوورەکەی. 
 
رۆژی 27-8-2023، دوای دەستگیرکردنی ئەبو خەولە، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لەلایەن هەسەدەوە، بەشێک لە چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان یاخی بوون و دژی هەسەدە وەستانەوە. لەو کاتەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەسەدە و ئەو چەکدارانە بەردەوامە و تائێستا 71 کەس کوژراون کە زۆربەیان لە چەکداری هۆزە عەرەبەکانن. نۆ کەس لە کوژراوەکانیش خەڵکی سڤیل بوون.
 
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لەو پارێزگایە، فەرهاد شامی دەڵێت، "داوا لە خەڵکی سڤیل دەکەین ناوچەکە جێبهێڵن"، گوتیشی، "دۆخەکە بەرەو ئارامبوونەوە و چارەسەر دەڕوات." ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی هەسەدە چەند گوندێکیان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کۆنترۆڵ کردەوە. 
 
  
رۆژی 30ی ئابی 2023، هەسەدە رایگەیاند، ئەبو خەولە لە فەرماندەییکردنی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لادراوە و چوار هاوکاریشی لە ریزەکانی هێزەکە دوورخراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی "لە ژمارەیەک تاوان و پێشێلکاریدا تێوەگلاون، لەوانەش بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان".
 
دێرەزوور بە یەکێک لەو پارێزگایانەی سووریا دادەنرێت کە بڕێکی زۆری نەوتی تێدایە و هاوسنوورە لەگەڵ عێراق. بەشی هەرە زۆری پارێزگاکە عەرەبنشینە و لە شەڕی دژ بە داعشدا، هەندێک لە چەکدارانی ئەو هۆزانە، چوونە نێو ریزەکانی هەسەدەوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش. 
 
هەسەدە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فوراتی کۆنترۆڵکردووە. لە بەشی رۆژئاوایشەوە، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆنترۆڵی دەکەن.   
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ژمارەیەک چەکداری هۆزە عەرەبەکانی دژی هەسەدە ‌هێشتا لە شارۆچکەی زووبیانن و خەڵکی سڤیلیش لە شارۆچکەکە هەڵدێن. 
 
رۆژی 4ی ئەیلوولی 2023، هەسەدە رایگەیاند، فەرماندەکانیان لەگەڵ شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبوونەتەوەوە و گوتی، کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی دێرەزوور و دەستوەردانە دەرەکییەکان بووە.  
 
رۆژی یەکشەممە، 3ی ئەیلوول، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا، کە ئۆفیسەکەی لە دەرەوەی سووریایە، رایگەیاند، دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە و سەرۆک هۆزەکانی دێرەزوور کۆبوونەتەوە و "هانی سەرجەم لایەنەکانیان دا دۆخەکە هێور بکەنەوە".