سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا: داعش هەشت کەسی کوشت

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، داعش بۆسەی بۆ چەند چەکدارێکی سەر بە حکومەتی سووریا داناوەتەوە و هەشت کەسیان کوشتووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردوە: "لە بادییەی شام، گرووپێکی چەکدارانی داعش بۆسەیان بۆ کاروانێکی چەکداریی سەر بە حکومەتی سووریا داناوە و هەشت کەسیان کوشت."
 
ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان خستەڕوو، دوو لە کوژراوەکان سڤیلن. هێرشەکە شەوی چوارشەممە بووە، ئەو گرووپە چەکدارە خەریکی گەڕان بوون بەدوای چەکدارێک کە پێشتر لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، شەش لە کوژراوەکان لە هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی سووریا بوون و دوو سڤیلەکەش شوان بوون.
 
لە ساڵی 2014 تاوەکو 2019 داعش کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی خاکی سووریای کردبوو، هەرچەندە ئێستا هیچ شارێکی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام هێشتا چەکدارانی لە سووریا ماون.
 
مانگی پێشوو، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، لە ساڵی 2019ـەوە چەکدارانی داعش نزیکەی چوار هەزار و 100 کەسیان لە سووریا کوشتووە، زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لە بادییەی شام کوژراون.
 
مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "نزیکەی سێ بۆ پێنج هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا هەن."
 
ئەوەی رێگەی زیاتری بۆ داعش خۆشکرد پێگەی خۆیان لە سووری پتەو بکەن، جەنگی سووریا بوو کە لە 2011 دەستیپێکرد. جەنگی 13 ساڵەی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و داڕمانی ژێرخان و ئابووریی سووریا.