ئیسرائیل راوێژکارێکی ئێرانی لە سووریا دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری حەلەب لە سووریا، راوێژکارێکی ئێرانی کوژراوە. سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریاش دەڵێن، 16 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون.
 
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، "لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا کە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە کرایە سەر حەلەب، یەکێک لە راوێژکارەکانی سوپای پاسداران بەناوی سەعید ئابیار شەهید بووە."
 
هاوکات سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵیش لە سووریا رایانگەیاند، "بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە، کە کردوویەتیە سەر کارگەیەک لە باشووری پارێزگای حەلەب، 16 ئەندامی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کوژراون، لەنێویاندا چەکدارانی سووری و بیانی هەن."
 
ئیسرائیل لەوەتەی شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردووە، سەدان هێرشی لەنێو سووریادا کردووە، کە بە زۆری پێگەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج.
 
بەڵام لەدوای هێرشەکەی 1ی نیسانی ئەم ساڵ، کە کردیە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، ئیسرائیل هێرشەکانی کەمتر کردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هێرشەکە هەڵوێستێکی تووندی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا و ئێران لە بەرامبەردا راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، "شەوی رابردوو ئیسرائیلی دووژمن هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر باشووری رۆژهەڵاتی حەلەب و چەندین پێگەیان لەنزیک شارەکە کردووەتە ئامانج."
 
هەرچەندە ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن لێدوان لەبارەی ئەو هێرشانە دەدات کە دەیانکاتە سەر سووریا، بەڵام بەردەوام رایگەیاندووە رێگە بە گرووپەکانی نزیک لە ئێران نادات جێپەنجەی خۆیان لە سووریا بکەنەوە.
 
ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و نزیکەی 50 هێرشی بۆ سەر سووریا کردووە.