رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان رایگەیاند، هێشتا دۆخی سووریا بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران گونجاو نییە. "چارەنووسی پەنابەرانی سووریا بووەتە پرسێکی گەرم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا."
دۆمینیک باتریش، بەرپرسی رێکخراوی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ئوردن، رایگەیاند، دوای 13 ساڵ لە جەنگی نێوخۆی سووریا، هێشتا ئەو وڵاتە دۆخێکی لەباری نییە تاوەکو پەنابەران بتوانن بگەڕێنەوە.
ئەو بەرپرسەی UNHCR، دەڵێ "هەڵسەنگاندنەکانمان ئەوەیە؛ دۆخەکە بەو شێوەیە نییە، کە بتوانیت پەنابەران هانبدەیت بگەڕێنەوە."
دۆمینیک باتریش گوتیشی "گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەورووپا رەنگە هیوایەک دروست بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەنێوان ئەورووپا و دیمەشق و بەو شێوەیەش دۆخێک بهێندرێتە ئاراوە کە بتوانرێت بەشێوەیەکی سنووردار ژمارەیەک پەنابەران بگەڕێندرێنەوە بۆ سووریا."
ئەم لێدوانەی دۆمەنیک باتریش لەکاتێکدایە مانگی رابردوو، هەشت وڵاتی ئەورووپی؛ نەمسا، قوبرس، چیک، دانیمارک، یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا و پۆڵەندا، بە فەرمی داوایان کرد هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ دۆخی سووریا بکرێت، تاوەکو بتوانن پەنابەرانی بۆ بگەڕێننەوە.
بەڵام وڵاتانی زلهێزی ئەورووپی وەکو؛ ئەڵمانیا و فەرەنسا، دژی ناردنەوەی پەنابەرانن.
بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی ملیۆنێک پەنابەر و پەناخوازی تۆمارکراوی سووریا لە وڵاتانی ئەورووپا دەژین، ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزاری دیکەش لە تورکیا نیشتەجێن، نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزاریش لە ئوردن و لوبنان دەژین.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و لوبنان، ژمارەیەک پەنابەریان گەڕاندووەتەوە بۆ سووریا. تورکیا ژمارەیەک پەنابەری بەزۆر گەڕاندووەتەوە ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی نزیکی خۆین و، لوبنانیش ژمارەیەک پەنابەری دیپۆرتکردووەتەوە.
بەڵام ئەو بەرپرسەی یوئێن دژی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانە. "ئەوەی ئێمە بینیومانە و بەگوێرەی ئەزموونی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیاریکردنی ناوچەیەکی ئارام، ئامرازێکی گونجاو نییە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بێت بۆ قەیرانی پەنابەران و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ