چەکدارانی حکومەتی راگوزەری سووریا لایەنگرانی بەشار ئەسەد دەگرن
رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی سەر بە دەستەی تەحریری شام لە کۆڵانەکانی شاری حومس بە تانک و چەکی دیکەی قورسەوە دەسووڕێنەوە.
ئەبو عومەر، ئەندامێکی هێزی ئەمنییە و دەڵێت: "تێکەڵ بەم کارە بووین تەنیا بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان و ئەوانەی کە رازی نین بە رادەستکردنی چەکەکانیان. ئەوانە ئەفسەر و سەربازی خۆبەخش بوون کە کاریان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دەکرد."
کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن؛ هەر کەسێک چەک رادەست نەکات، بە زۆر لێی وەردەگیرێت و دەکرێت ئازاریشی بدرێت.
ئەگەر زانیاری یان گومانیان لەسەر کەسێک هەبێت کە دەستی لە ئەشکەنجەدانی خەڵک هەبووە، چارەنووسێکی باش چاوەڕێی ناکات.
ئەبو تاڵیب جەبەل، سەربازی یەکەی تەلحە دەڵێت: "ژمارەیەک لە ئەو ئەفسەرانەمان کردنە ئامانج کە رازی نەبوون چەکەکانیان دابنێن. دەستمان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک لەو گەڕەکانەدا گرت. ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئاسایش لە هەموو حومس جێگیر دەبێت."
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، حومس یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین شەڕ و پێکدادانی چەکدارانی تەحریری شام و لایەنگرانی ئەسەدی تێدا بووە.
هەمان هەڵمەت لە شارەکانی حەما، تەرتووس و دیمەشقیش بەڕێوەچوو.
شادی وەیسی، وەزیری دادی حکومەتی راگوزەری سووریا دەڵێت: "ئامادەکاری بۆ دەرکردنی یاسایەک دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو تاوانبارە هەڵاتووانە بگەڕێنینەوە کە لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دەستیان لە تاوانەکاندا هەبوو."
حکومەتی راگوزەری سووریا لە بەشێکی شارەکانی سووریا ناوەندی تایبەت بە رادەستکردنی چەکی کردووەتەوە، داوایکردووە سەربازان و چەکدارانی پێشوو بچن چەکەکانیان رادەست بکەن.