پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا: لایەنە سیاسییەکانی کریستیان داواکاریی سیاسی و کولتوورییان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا لەبارەی سەردانی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ دیمەشق رایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێت دەسەڵاتێک هەبێت هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت، "ئەم سەردانە زیاتر بۆ گەیاندنی پەیامە لەوەی دانپێدانانێک بێت."
 
سەنحاریب بەرسوم، سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا، لەکاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی رووداو گوتی، پێویستە چوارچێوەیەک بۆ پاراستنی مافەکان و داواکارییەکانی کریستیان دابنرێت. ئاشکرای کرد، کریستیانەکان لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەترسن، بەهۆی ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام پێشێلکاری دەکەن و لە ماوەی مانگێکدا 5 پێشێلکاری تۆمار کراون.
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و کەسایەتییە ئایینییەکانی کریستیان لە دیمەشق، سەنحاریب بەرسوم گوتی، "فەرەنسا هەمیشە پشتگیری لە کریستیانەکان دەکات، ئەمە کۆبوونەوەیەکی باش بوو، بەڵام کەسایەتییە ئایینییەکان لەوانەیە داواکارییەکانیان تەنها سەبارەت بە ئایین و ئازادی بێت، بەڵام وەکو لایەنە سیاسییەکان داواکاریی تایبەتیان سەبارەت بە مافی سیاسیی کریستیانەکان هەیە."
 
بەرسوم ئاماژەی بەوەش کرد، پارتە سیاسییەکانی کریستیان رێککەوتوون، لە چەند رۆژی داهاتوودا روو لە دیمەشق دەکەن و داواکاریی سیاسی و کولتوورییان هەیە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پێویستە کریستیانەکان لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دڵنیابن و پێویستیشە دەسەڵاتی نوێی سووریا ماف و ئازادییەکان بپارێزێت.
 
سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا پێیوایە، پێویستە دەسەڵاتی سووریا دەسەڵاتێکی سێکۆلار بێت. هەروەها گوتی، ئەوان وەکو کریستیان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، لەوانەش دەسەڵاتێکی نامەرکەزییان دەوێت و فەرمانڕەوایی ناوەندی رەتدەکەنەوە.
 
03-01-2025 وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکەوە بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا سەردانی سووریایان کرد، لەگەڵ سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستای سووریا ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.
 
وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا داوا دەکەن شەڕی دژی هێزە کوردییەکان راوەستێنرێت، "چارەسەرێک کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەنەکان بپارێزێت، بەتایبەتی هاوبەشە کوردەکانمان لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شان بە شانی ئێمە دژی داعش شەڕیان کردووە."
 
هەروەها هەردوو وەزیر، "جەختیان لەسەر گواستنەوەی ئاشتییانە و رێکوپێک کرد و داواکارییەکانیان ئاشکرا کرد، بۆئەوەی نوێنەرایەتیی کۆمەڵگای فرەڕەنگی سووریا پێکبێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا بەڵێنیان داوە، بەشدارییەکی بەرفراوان لە قۆناخی گواستنەوەدا دروست بکەن.
 
بەتایبەتی جەختیان لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە ژنان دەبنە بەشێک لە کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، کە لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات.