گالەری

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
27 Photos
رووداو دیجیتاڵ 
 
هەزاران خێزانی کوردی عەفرین ئاوارە دەبنەوە. بەشێکی زۆریان لە شەهبا و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری حەلەب، دوای دەست بەسەرداگرتنی ناوچەکەیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، ماڵەکانی خۆیان جێهێشت و بەرەو تەبقە بەڕێکەوتن. 
 
تەبقە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رەققەوە و لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە. ئەو هاونیشتمانییانەی ئاوارەبوون لەو ناوچەیە گیرساونەتەوە. 
 
لە وێنەکاندا ژنی بەتەمەن، منداڵ و کەسانی نیڤشکان دەبینن. پیاوێکی کورد کاتێک دەگاتە تەبقە، دەستی لەسەر نێوچەوانی داناوە، ژنێکی بەتەمەنیش بەدیار ماڵ و کەلوپەلە پێچراوەکانی کە لەگەڵ خۆیدا بردوونی، بە خەمگینی بۆ شوێنێکی دوور دەڕوانێت. 
 
شەڕڤانانی هێزی ئازادکردنی عەفرین لە ناوچەی شەهبای باکووری شاری حەلەب کشانەوە و بە رێکەوتن، شارۆچکەی تەلرەفعەتیان رادەستی چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا کرد کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات. 
 
تاوەکو زانیاری پشتڕاستکراو لەبارەی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی باکووری شاری حەلەب نییە؛ دەگوترێت هێشتا شەڕڤانانی هەسەدە لەوێ ماون.
 
ئێستا هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی عەریمەن؛ کەمتر لە 15 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی باب-ەوە دوورن کە بە ناوەندێكی بەهێزی هێزەکانی سوپای نیشتمانییی سووریا دادەنرێت.
 
لە باکووریش هەسەدە لە کۆبانییە؛ بە دیوی راستیدا جەرابلوس هەیە کە لە ژێر دەستی هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریایە؛ بە لای چەپی گرێ سپیی کە ئەویش هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریای تێدایە؛ هەموو کاتێك ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر کۆبانی و منبج بکرێت و هەسەدە بە تەواوەتی بۆ دیوی رۆژهەڵاتی رووباری فورات دوور بخرێتەوە.
 
قامشلۆ زیاتر لە 10 ساڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی راستەوخۆی درۆن و فڕۆکەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیدایە.