پێشهاتەکانی سووریا؛ رۆژئاوای کوردستان بەرەو کوێ؟
رووداو دیجیتاڵ
شەڕڤانانی هێزی ئازادکردنی عەفرین لە ناوچەی شەهبای باکووری شاری حەلەب کشانەوە و بە رێکەوتن، شارۆچکەی تەلرەفعەتیان رادەستی چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا کرد کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.
هێشتا زانیاری پشتڕاستکراو لەبارەی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی باکووری شاری حەلەب نییە؛
دەگوترێت هێشتا شەڕڤانانی هەسەدە لەوێ ماون.
ئێستا هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی عەریمەن؛ کەمتر لە 15 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی باب-ەوە دوورن کە بە ناوەندێكی بەهێزی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا دادەنرێت.
لە باکووریش هەسەدە لە کۆبانییە؛ بە دیوی راستیدا جەرابلوس هەیە کە لە ژێر دەستی هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریایە؛
بە لای چەپی گرێ سپیی کە ئەویش هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریای تێدایە؛ هەموو کاتێك ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر کۆبانی و منبج بکرێت و هەسەدە بە تەواوەتی بۆ دیوی رۆژهەڵاتی رووباری فورات دوور بخرێتەوە.
قامشلۆ زیاتر لە 10 ساڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی راستەوخۆی درۆن و فڕۆکەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیدایە.