بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: 120 هەزار ئاوارە لە شەهبا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، نزیکەی 120 هەزار ئاوارەی عەفرین لە ناوچەی شەهبا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە. سەرۆکی کۆمبەندی کۆمەڵایەتیی عەفرینیش دەڵێ، دەیان هەزار عەفرین ناوچەی شەهبایان بەجێهێشتووە و روویان لە شارەکانی تەبقە و رەققە کردووە.
بەپێی ئەو دیمەنانەی، تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، شەوی رابردوو کاروانێکی دوورودرێژی ئاوارەکانی عەفرین، کە لە ناوچەکانی شەهبا بوون، گەیشتنە شاری تەبقە، کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادایە.
ئیبراهیم حەفتارۆ، سەرۆکی کۆمبەندی کومەڵایەتیی عەفرین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە تەبقە ئامادەکاری کراوە، کە ئاوارەکان لە پەناگەیەکی گشتیدا دابنرێن. بۆ پێشوازیکردنیشیان چەندین چادر ئامادەکراون، بەشێکیشیان لە یاریگا و مزگەوتەکان دادەنرێن.
دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ساڵی 2018، نزیکەی 200 هەزار هاونیشتمانیی ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان، ئاوارەی حەلەب و شەهبا بوون، ئێستاش دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی ئەو ناوچانە، جارێکی دیکە ئاوارە دەبنەوە.
بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، نزیکەی 200 هەزار هاونیشتمانیی عەفرین لە شەهبا و سنووری حەلەب دەژین، ئێستا شەهبا لە سێ لاوە بە گرووپە چەکدارەکان گەمارۆ دراوە و لایەکی دیکەشی حکومەتی سووریایە، ئەو هاونیشتمانیانە ناچارن کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
لە 26ـی مانگی رابردووەوە چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کە پێشتر بە جەبهەی نووسرە دەناسران، هێرشێكی فراوانیان کردە سەر حەلەب و دەورووبەری و زۆرینەی ناوچەکان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا بوون، کۆنترۆڵکرد و لە چەند ناوچەیەکیش، رووبەڕووی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوونەوە.
گەیشتنی ئاوارەکانی عەفرین لە شەهباوە بۆ تەبقە