سوپای ئیسرائیل: ناچینە بەیرووت و شارەکانی باشووری لوبنان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
هەشت سەربازی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کوژران
هەشت سەربازی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کوژران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەشت سەربازی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کوژران، سوپای وڵاتەکەشیان دەڵێ ناچنە نێو پایتەختی لوبنان.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان کرد و گوتی "دەمەوێت لەناخی دڵمەوە سەرەخۆشی خۆم بۆ خێزانی ئەو پاڵەوانانە بنێرم کە لە لوبنان کوژران." 
 
لە رۆژی 30ـی ئەیلوولەوە ئیسرائیل چووەتە نێو خاکی لوبنان. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە سێیەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەشت سەربازیان لەو ناوچەیە کوژران.
 
بەگوێرەی بزووتنەوەی حیزبوڵڵا، سێ تانکی میرکاڤایانی سوپای ئیسرائیلیان بە رۆکێت تێکشکاندووە، لەکاتێکدا سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە گوندی مارون رەئس لەپێشڕەویدا بوون.
 
ئیسرائیل دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ سەر لوبنان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شاری حەیفای باکووری ئیسرائیل و ناوچەکانی دەوروبەریێتی بۆ ماڵەکانیان، کە نزیکەی 68 هەزار کەسن. بۆ ئەمەش لە جەنگ دژی حیزبوڵڵا ناوەستن.
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ناچینە بەیرووت. ناچینە شارەکانی باشووری لوبنان. سەرنجمان لەسەر گوندەکانی باشووری لوبنانە کە نزیکن لە سنوورەکانمان. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ نەهێشتن و خاپوورکردنی ژێرخانی حیزبوڵڵا لەو ناوچانە."
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەیانەوە، توانیویانە زیاتر لە هەزار توونێل، بنکە و حەشارگەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان خاپوور بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە