رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە دیمەشقی پایتەختی سووریا روویدا. میدیای فەرمی دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکەی لە ئەستۆنەگرتووە.
درەنگانی شەوی رابردوو، 2ـی نیسانی 2023، میدیای فەرمیی سووریا لەسەر زاری پۆلیس رایگەیاند "بۆمبێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکی سڤیلدا تەقییەوە و بووە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانی گیانی هەبێت".
هاوکات، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە "کە پیکئابێکی کردبووە ئامانج، دوو کەس بە سووکی بریندار بوون"، گوتیشی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ لەپشت تەقینەوە دەگمەنەکەی پایتەختی سووریا بووە، یان ئامانجی تەقینەوەکە کێ بووە.
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵیت، تەقینەوەکە لە ناوچەیەک روویداوە کە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک باڵیۆزخانە و رێستۆرانتی تێدایە.
رۆژی 27ـی شوباتی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە سنووری پارێزگای دیمەشق تەقییەوە و کەسێک بەهۆیەوە کوژرا.
تەقینەوەکەی ئەمجارەش، لە میانی چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر سووریا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای حمس، دوو چەکداری نزیک لە ئێران کوژراون. میدیای فەرمیی سووریاش رایگەیاند بەهۆی هێرشەکەوە پێنج سەربازی سوپای سووریا برینداربوون. کە ئەمە سێەم هێرشی ئیسرائیل بوو لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ