ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێک لە ئیدلب ئەنجامدەدات و '12 کەس کوژراون'

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێبگات. ئاژانسە هەواڵییەکانیش باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەو هێرشەوە "12/13 کەسی سڤیل کوژراون".
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریان لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامدا. ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو. هیچ زیانێکی گیانی بە سەربازانی ئەمریکی لێنەکەوتەوە".
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 03-02-2022 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە شارۆچکەی ئاتما لە باکووری سووریا ئەنجامدا، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری دانیشتووانی ناوچەکەوە بڵاویکردووەتەوە، "12 کەسی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنە دوو کاژێریەکەدا کوژراون". ئاژانسی ئەنادۆڵیش ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی کوژراوەکان 13 کەسن.
 
پێنتاگۆن لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە کوژرانی خەڵکی سڤیل نەکردووە، دەشڵێت لە ماوەی داهاتوودا زانیاریی زیاتر دەخەنەڕوو.
 
بە گوتەی دانیشتوویەکی ناوچەکە کە قسەی بۆ ئاژانسە هەواڵییە بەریتانییەکە کردووە، شەڕ و پێکدادانێکی قورس لەو ناوچەیەی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا روویداوە و لانیکەم 12 کەسی سڤیل کوژراون.
 
ئەوەش بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دادەنرێت پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە ساڵی 2019 لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و سوپای تورکیا ئەنجامدرا، کە تێیدا ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش کوژرا.
 
دانیشتووانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، ژمارەیەک هێلیکۆپتەر لەنزیک شاری ئاتما لە پارێزگای ئیدلب نیشتوونەتەوە و دەنگی تەقینەوە لەنزیک ماڵی چەکدارێکی بیانی بیستراوە، چەکدارەکە لەو کاتەدا لەگەڵ خێزانەکەی بووە.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری شایەتحاڵێکەوە دەڵێت، تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی 12 کەسیان لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیدا هێناوەتەدەر؛ هەروەها دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە دوای رۆیشتنی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکان کۆتاییهاتووە، بەڵام فڕۆکە هەواڵگرییەکان لە سووڕانەوە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا بەردەوام بوون.
 
ژمارەیەک چەکداری پەڕگیر کە لە گرووپە بەناو "جیهادییەکە" جیابوونەوە، گرووپێکی دیکەیان بەناوی حوراس ئەلدین (پاسەوانانی ئایین) دامەزراند، کە بە "گرووپێکی تیرۆرستی" پۆلێنکراوە و لە ماوەی ساڵانی دواییدا بووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
ماوەی چەندین ساڵە، سوپای ئەمریکا بە درۆن هێرشی ئاسمانیی دژی ئەندامانی گرووپە پەڕگیرەکان لە سووریا ئەنجامداون کە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە، چالاک بوون.