سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ژمارەیەک کەسایەتی دوورزی.
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەحریری شام رازی بووە دانیشتووانی سوێدا ئیدارەی شارەکەیان بکەن، ژنێک وەکو پارێزگار لەلایەن کاربەدەستانی پارێزگاکە دەستنیشان کراوە، بۆ ئەوەی کاروباری پارێزگاکە بەڕێوەببات.
رۆژی سێشەممە، کاروانێکی سەربازی بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ویستی بچێتە ناو باڵەخانەی فەرماندەیی پۆلیسی شاری سوێدا، بەڵام هێزە خۆجێیەکانی شارەکە رێگریان کرد.
هێزە خۆجێیەکان کە لە پێکهاتەی دوورزین، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان پێکهێناوە و داوایان لە کاروانەکە کرد بگەڕێتەوە دیمەشق. ئەو هێزانە بە راوێژ لەگەڵ کەسایەتی و پیاوانی ئایینی و چالاکڤانان بڕیاریانداوە خۆیان کاروبارە ئەمنییەکانی پارێزگاکە بەڕێوە ببەن.
حکومەتی راپەڕاندنی کاروبارەکان، رۆژی سێشەممە، موحسینە مەحیساوی وەک پارێزگاری سوێدا دامەزراند، بەمەش بووە یەکەم ژن لە سووریا پۆستی پارێزگار وەربگرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوورزییەکان و حکومەتی دیمەشق رێککەوتوون کە دوورزییەکان خۆیان حوکمی ناوچەکانیان بکەن، چونکە رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە رزگارکردنی ناوچەکانیان و دیمەشقی پایتەخت.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی دیمەشق رایگەیاندووە کە سوێدا تایبەتمەندی خۆی هەیە و رۆڵەکانی پارێزگاکەیان رزگار کردووە، لەسەر ئەم بنەمایەش ئەوان مافی هەڵبژاردنی پارێزگاریان هەیە و هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگاکەدا لە رۆڵەکانی سوێدا دەبن، دواتریش پێکهاتە سەربازییەکان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا دەچنە ئەوێ.
دوورزییەکان بە هەستارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئەمنی دەکەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی مورهەف ئەبو قەسرە، کە لە بازنەی نزیکی شەرعە، بە وەزیری بەرگریی دەستنیشانکرا. دوورزییەکان دەڵێن، جۆرێک لە هەستیاری لە نێوان پێکهاتە ئایینییەکانی سووریادا هەیە، کە بە رژێمی پێشوو بەهێزی کردووە.
دۆسیەی هەسەدە
جگە لە سوێدا، ئیدارەی نوێی دیمەشق کۆنترۆڵی بەسەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاشدا نییە، کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دان و دەوڵەمەندن بە سەرچاوەی سرووشتی وەکو نەوت.
سەرچاوە نافەرمییەکان باس لە کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی هەسەدە دەکەن، بەڵام هەر لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەی هەتەشە لە دژی سوپای سووریا، کەناڵی پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو هێزە دروستبووە. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ هەتەشە هاوئاهەنگیان کردووە، کە رووبەڕووی یەکدی نەبنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ئیدارەی نوێی دیمەشق پەرۆشە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە ئاشتی و خۆدوورگرتن لە پێکدادانی سەربازی لەگەڵ هەسەدە. بەڵام سیستمی فیدراڵی کە هەندێک لە کوردەکان داوای دەکەن بە هیچ شێوەیەک لەسەر مێزی ئیدارەی نوێدا نییە.
ئیدارەی نوێی سووریا رازییە کە هێزەکانی هەسەدە بچنە نێو سوپای سووریای نوێ. هەسەدە کە هێشتا پشتیوانی ئەمریکای هەیە، داوا دەکات لەناو سیستمی سەربازی نوێی دەوڵەتدا بێت، بەڵام تورکیا داوا دەکات ئەو هێزە کە زۆربەی پێکهاتەکەی کوردین، هەڵبوەشێتەوە و چەکەکانی رادەستی حکومەتی نوێی سووریا بکات.
جگە لە هەڕەشەی تورکیا، کورد کێشەی ناوخۆیشی هەیە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر پرۆژەیەکی یەکگرتوو رێک بکەون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ