هەسەدە دەڵێت، سوپای تورکیا سنووری بەنداوی تشرین و شاری دێر حافری بۆردوومان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەسەدە دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پێنج جار بەنداوی تشرین و سێ جار شاری دێر حافریان بۆردوومان کرد.
رۆژی هەینی 03-01-2025 نووسینگەی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شاری دێرحافر و دەورووبەریان لە رۆژهەڵاتی حەلەب، هەروەها بەنداوی تشرینیان لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری منبج بۆردوومان کرد.
هەسەدە رایگەیاندووە: "فڕۆکەکان پێنج جار بەنداوی تشرین و سێ جار شاری دێر حافریان بۆردوومان کردووە."
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە، بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆیان بۆ سەر سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریای نزیکی، لە دەوروبەری منبج و بەنداوی تشرین 72 سەرباز و چەکداری ئەو گرووپانەیان کوشتووە.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، 16 تەرمی ئەو سەرباز و چەکدارانە کەوتووەتە بەردەستی هێزەکانیان.
لەلایەکی دیکە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئێکس، گیانلەدەستدانی 9 شەڕڤانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رێگەی تۆپبارانەوە راگەیاند و گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکان لە هەر دۆخێکدا بەردەوام دەبن."
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕەنگێزی" لە 25ی 11ی 2024 دژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند و هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت، ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە.
بەنداوی تشرین کارەبای سنووری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنdرا، بەڵام پێشتر توانای گشتی 600 مێگاوات بووە.