رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا، وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوا دەکەن شەڕی دژی هێزە کوردییەکان بووەستێندرێت و "بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیان" بپارێزرێت.
راگەیێندراوە هاوبەشەکە کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆکی هاوتا ئەڵمانییەکەی ئەمڕۆ قسەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی سووریا کرد."
لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا "دووپاتیان کردەوە کە پێویستە شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەک بپارێزێت، بە تایبەتی ئەوانەی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شانبەشانیان لە دژی داعش دەجەنگین."
هەروەها هەردوو وەزیر "جەختیان لە خواستی خۆیان بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی رێکوپێک کردەوە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی سووریا بکات.
ئەوە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا بوو بۆ سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکان بەڵێنیان داوە بەشدارییەکی بەرفراوانیان لە قۆناخی راگوزەردا هەبێت، بە تایبەتی گوتوویانە ژنان بەشێک دەبن لە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی کە لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات."
دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بارەی سووریا:
- ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆکی هاوتا ئەڵمانییەکەی ئەمڕۆ قسەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی سووریا کرد.
- هەردوو وەزیر جەختیان لە خواستی خۆیان بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی رێکوپێک کردەوە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی سووریا بکات.
- دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکان بەڵێنیان داوە بەشدارییەکی بەرفراوانیان لە قۆناخی راگوزەردا هەبێت، بە تایبەتی گوتوویانە ژنان بەشێک دەبن لە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی کە لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات.
- فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشنیازیان کردووە شارەزایی خۆیان پێشکێش بکەن بۆ پشتیوانیکردن لەو کارەی لە ئەنجامی کۆنفرانسە نیشتمانییەکەوە بۆ دەستوور دەکرێت.
- وەزیرەکان جەختیان لە پاراستنی پێویستیی بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکان کردەوە کە بەردەوامبوونی شەڕی دژی داعش و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کیمیاییەکانی رژێم لەخۆدەگرێت.
- ئەوان دووپاتیان کردەوە کە پێویستە شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەک بپارێزێت، بە تایبەتی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شانبەشانیان دژی داعش دەجەنگین.
- دەسەڵاتە دیفاکتۆکان بەڵێنیان داوە دژی تیرۆر بجەنگن، لە نزیکدا پێشوازی لە شاندێکی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی بکەن و کار بۆ پاراستنی سنووری سووریا-لوبنان بکەن.
- فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڵێنیان داوە شارەزایی تەکنیکی خۆیان لە بواری تاوانناسیدا پێشکەش بکەن بۆ پەرەدان بە بەرانگاربوونەوەی خۆدزینەوە لە سزای ئەو تاوانانەی لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ