وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە دیمەشق دەبن

 
 رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە دیمەشق دەبن و لەگەڵ دەسەڵاتداریی نوێی وڵاتەکە کۆدەبنەوە. 
 
سەردانی ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانە بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی سووریا و خەڵکەکەی لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێش سەردانەکەی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، وڵاتەکەی دەیەوێت هاوکاریی سووریا بکات تاوەکو بەتەواوی بکەوێتە سەر پێی خۆی و کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر خاکەکەیدا هەبێت. 
 
هەروەها دەڵێت، سەرەڕای گومانەکان لە هێزەکانی دەستەی تەحریر شام، "پێویستە ئەم هەلە لەدەست نەدەین بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی سووریا لەم دۆخە هەستیارەدا."
 
هەردوو وەزیرەکە پێکەوە و وەکو نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام کۆدەبنەوە. 
 
بێربۆک ئاماژە بەوە دەکات، "سەردانەکەی ئەمڕۆم لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەم بەنوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەیێکی روونە بۆ هەموو سووریاییەکان، کە ئەگەری دەستپێکێکی نوێی سیاسی لەنێوان ئەورووپا و سووریا، لەنێوان ئەڵمانیا و سووریا هەیە." 
 
هەروەها ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەڵمانیا و فەرەنسا بەیەکەوە پاڵپشتی لە گەلی سووریا بە هەموو هەمەچەشنییانەوە دەکەن."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت: "دەمانەوێت لە سووریا پاڵپشتی لە گواستنەوەیەکی ئاشتییانە بکەین کە خزمەت بە سوورییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە بکات."
 
لە رۆژی 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی، ر‌ژێمەکەی بەشار ئەسەدیان لە سووریا رووخاند، کە 24 ساڵ بوو حوکمی ئەو وڵاتەی دەکرد.
 
لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، بڕیارە هەردوو وەزیرەکە سەردانی زیندانی سیدنایا بکەن کە دوای رووخانی ئەسەد، سەدان چیرۆکی ئەشکەنجە و ئازاردانی زیندانییانی تێدا ئاشکرابوو.