رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتیمانى ئۆپۆزیسیۆنى سووریا بە رووداوی رایگەیاند یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربەزییەکانی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەر حەلەب، گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان. راشیگەیاند: "دەمانەوێت خەڵکى عەفرین بگەڕێنەوە عەفرین."
هادی بەحرە، سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتیمانى ئۆپۆزیسیۆنى سووریا لە کۆنگرەیەکی لە ئەنقەرە لە وەڵامی عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئێستا گەرەنتیکردنى گەڕانەوەى هەموو سووریاییەکانە بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە، بە کوردیشەوە لە تەلرەفعەت یان سەرێکانی، یان گڕێ سپى، یان عەفرین یان هەر ناوچەیەکى دیکە بێت."
هادی بەحرە گوتی: "من دەمەوێت خەڵکى دیمەشق بگەڕێنەوە دیمەشق، خەڵکى گوندەوارى دیمەشق بگەڕێنەوە بۆ گوندەوارى دیمەشق، خەڵکى عەفرین بگەڕێنەوە عەفرین."
لە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە ساڵی 2018 ژمارەیەکی زۆر لە کوردی شارەکە ئاوارە بوون و عەرەبی ناوچەکانی حەلەب هێنرانە عەفرین.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی حەلەب و شوێنەکانی دیکە لە عەفرینەوە بۆ زێدی خۆیان، هادی بەحرە گوتی: " ئەمە دابەشکارى نییە، ئەگەر کەسێک ئێستا لە عەفرین بژى و دەستدرێژى نەکردبێتە سەر مافى هیچ کەسێک یان زەوى کەسى داگیرنەکردبێت و بیەوێت لەعەفرین بژى، ئەمە مافى خۆیەتى."
سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتیمانى ئۆپۆزیسیۆنى سووریا دەڵێت، ئەوان لەگەڵ گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکانن" بەڵام داواى گەڕانەوە ناکرێت تاوەکو گەرەنتى پاراستنى سەربازییان نەکرێت.
1ی کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتیى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کرد و پێشنیازى ئەوەى بۆ کردن بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا گوتى: "ئێمە لەگەڵ مافى گەڕانەوەى خۆویستانەی ئاوارەکانین، بەڵام داواى گەڕانەوە ناکرێت تاوەکو گەرەنتى پاراستنى سەربازییان نەکرێت، دەبێت ناوچەکە ئارام بێت و ناکرێت رێگە بە خەڵک بدەین بگەڕێنەوە و لەرێگەدا خوانەخواستە رووبەڕووى مەترسی ببنەوە"
هێزە کوردییەکان بۆ پاراستنی گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکان لە تەلڕەفعەتەوە لە باکووری حەلەبەوە بەرەو باشوور و دواتر رۆژهەڵاتی شارەکە پێشڕەوییان کردووە.
تاوەکو ئێستا هەسەدە و بەرەى دیکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەبارەى دۆخى ئەمنى ناوچەى تەماسى نێوانیان و ئایندەى کارگێڕی ئەو ناوچانەى کە بەمدواییە کەوتوونەتە دەستى دەستەى تەحریرى شام.
هادى بەحرە گوتی : "سووریا ئێستا بە دۆخێکى ناسرووشى تێدەپەڕێت، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکى سیاسى هەبێت بۆ قۆناخێکى راگوزەر، دەبێت کار لەسەر هێنانە کایەى ژینگەیەکى ئارام بکرێت بتوانرێت هەڵبژاردنێکى بێگەرد و ئازادانە بکرێت و گەلى سووریا سەرکردایەتییەکەى دیاری بکات، نە من نە هیچ رێکخراوێکى سیاسى دیکە ئەوە دیاری ناکات کە کێ بۆ داهاتوو سەرکردایەتى گەلى سووریا دەکات، گەلى سووریا خاوەنى بڕیارە".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ هادی بەحرە:
رووداو: ئەنەکەسە دەخوازێت ئاوارەکانى عەفرین لە شەهبا بگەڕێنەوە عەفرین، ئایا ئێوە رێگە دەدەن؟
هادى بەحرە: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئێستا گەرەنتیکردنى گەڕانەوەى هەموو سووریاییەکانە بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە، بە برایانى کوردمانەوە لە تەلرەفعەت یان سەرێکانی، یان گڕێ سپى، یان عەفرین یان هەر ناوچەیەکى دیکە بێت، من دەمەوێت خەڵکى دیمەشق بگەڕێنەوە دیمەشق، خەڵکى گوندەوارى دیمەشق بگەڕێنەوە بۆ گوندەوارى دیمەشق، خەڵکى عەفرین بگەڕێنەوە عەفرین، بەڵام ئەمە دابەشکارى نییە، ئەگەر کەسێک ئێستا لە عەفرین بژى و دەستدرێژى نەکردبێتە سەر مافى هیچ کەسێک یان زەوى کەسى داگیرنەکردبێت و لە عەفرین هاوسەرگیرى کردبێت و بیەوێت لەعەفرین بژى ئەمە مافى خۆیەتى وەک هاووڵاتى، وەک هەر کەسێکى دیکە، کە هاوسەرگیریى لەگەڵ ئاوارەیەک کردووە و لەگەڵ ژنەکەیدا بڕیاریداوە بچێت بۆ دیمەشق، یان حەما یان حمس، خاکى سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە، بەڵام ئێمە لەگەڵ مافى گەڕانەوەى خۆویستانە و پارێزراو و شەرەفەمەندانەین بۆ ئاوارەکان و ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانى ئەم ئۆپەراسیۆنەى ئێستا، بەڵام داواى گەڕانەوە ناکرێت تاوەکو گەرەنتى پاراستنى سەربازییان نەکرێت، دەبێت ناوچەکە ئارام بێت و ناکرێت رێگە بە خەڵک بدەین بگەڕێنەوە و لەرێگەدا خوانەخواستە رووبەڕووى مەترسی ببنەوە.
رووداو: ئایا دەستەى تەحریرى شام شارى حەلەبی کۆنتڕۆڵکردووە، ئایا ئێوە ئامادەن لەگەڵ ئەوان شارەکە بەڕێوەببەن؟
هادى بەحرە: ئەم شۆڕشە بۆ چى هەڵگیرسا، بۆ ئەوە هەڵگیرسا مافى یاسایی و دەستوورى و مرۆڤایەتیمان بۆ بگەڕێنێتەوە، لەپێناو دادوەرى و ئازادى و دیموکراسی هەڵگیرسا، بۆ ئەوە هەڵگیرسا گەلى سووریا لە رێگەى هەڵبژاردنێکى دیموکراسی و بێگەرد سەرکردایەتى سیاسى خۆى دیاری بکات و ئەم سەرکردایەتییە مایەى ئەوە بێت کە لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت،سووریا ئێستا بە دۆخێکى ناسرووشى تێپەڕ دەبێت، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکى سیاسى هەبێت بۆ قۆناخێکى راگوزەر، دەبێت کار لەسەر هێنانە کایەى ژینگەیەکى ئارام بکرێت، کە بتوانرێت تیایدا هەڵبژاردنێکى بێگەرد و ئازادانە بکرێت و گەلى سووریا سەرکردایەتییەکەى دیاری بکات، نە من نە هیچ رێکخراوێکى سیاسى دیکە ئەوە دیاری ناکات کە کێ بۆ داهاتوو سەرکردایەتى گەلى سووریا دەکات، گەلى سووریا خاوەنى بڕیارە، بۆیە ئێمە پابەندین بەو بنەمایانەوە، کە هەموو ئەوانەى لە شۆڕشەکەدان و دەڵێت من ئاڵاى شۆڕشم بەرزکردووەتەوە و بەناوى شۆڕشەوە قسە دەکات لە حەلەب بێت یان هەر شوێنێکى دیکە، پابەند دەبێت بەو پێوەرانەوە، هەموو ئەوانەى پابەندن بەو پێوەرانەوە ، هەموو گەل لەگەڵی دایە، بەڵام ئێمە شۆڕشمان نەکرد بۆ ئەوەى سیستیمێکى دیکتاتۆرى بگۆڕین بە سیستمێکى دیکتاتۆرى دیکە، ئێمە هەمووان پێکەوەین بەو برایانەشمانەوە کە ئێستا لە حەلەبن، لە سوپاى نیشتیمانى بن یان گرووپەکانى دیکە کە لەدژى ستەم شۆرشیانکرد، ئەوانەى کە لە دژى ستەم بن، ستەم لەکەسانى دیکە ناکەن، وەڵامەکە ئەوەیە سووریاى داهاتوو ئەوانە بەڕێوەى دەبەن کە گەلى سووریا دەستنیشانى دەکات
رووداو: رێکارەکانتان چین بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب و دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونی عەفرین؟
هادی بەحرە: بەدڵنیاییەوە هەڵەکانی رابردوو ئەوانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە سەردەمی دەستپێکردنی شۆڕش روویاندا نابێ دووبارە ببێتەوە. ئەمجارە سووربوونی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هەڵەکانی رابردوو لە حەلەب دووبارە نەبنەوە. نابێت هەڵە لە دژی هیچ هاووڵاتییەکی سووریایی بکرێت. نەک تەنیا برا و کەسوکارمان لە کورد کە ئێوەش لەسەر سەر و سەرچاوانماندان. بۆیە نابێ هەڵە لە دژی هیچ سووریاییەک بکرێت، بەتایبەتیش خەڵکی حەلەب. ئێوەش دەزانن، پێکهاتەی حەلەب پێکهاتەیەکی تێکەڵە لە ئاین و ئاینزا و نەتەوە جیاوازەکان، هەموو رەنگێک لەخۆ دەگرێت. دەرەنجام زۆر پێداگرین لە پابەندی تەواومان بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەبێ تایبەتمەندی کەسیی خەڵکی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت. پابەندین بە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتیش. ئێستا زۆر بە وردی چاودێری پابەندی هێزەکان دەکەین لە گۆڕەپانەکان بزانین تا چەند پابەندن و تا چ ئاستێک جێبەجێیان کردووە. بایەخ بە رەزامەندی خەڵک دەدەین. لەبارەی هەڵە و کەموکوڕییەکان، دەمەوێ راستگۆیانە ئەوە بڵێم، تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی گەورەمان لە حەلەب پێمان نەگەیشتووە. زۆر راستگۆین زۆر پێداگرین لەوەی کە دەبێ بەوپەڕی رێزەوە مامەڵەی ئاستبەرز لەگەڵ هەموواندا بکرێت.
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ