رووداو دیجیتاڵ
تەنیا ئەحمەد و بەشدار موزەفەر
شەش رۆژە شەڕێکی نێوخۆیی بەرۆکی سووریای گرتووە، دەستەی تەحریری شام هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب و ناوەندی شارەکەی کۆنترۆڵکرد و ئێستا لە دەروازەی شاری حەمایە. لەلایەکی دیکەوە سوپای نیشتمانیی سووریا (ئەو هێزەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات) سنووری قەڵەمڕەویی فراوان دەکات و شێراوای گرتووە، ئێستاش لە دەروازەی شاری تلرەفعەتە.
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەو چەکدارانە ببێتەوە کە دووەم گەورەترین شاری سووریایان خستووەتە ژێر رکێفی خۆیانەوە.
رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانیان، هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا و پاشەکشەیان بە حکومەتی سووریا کرد.
سەرەتا، لە رۆژئاوای شارەکەوە چوونە ژوورەوە و دواتر هەموو حەلەبیان کۆنترۆڵکرد، جگە لە دوو گەڕەکی کوردنشین (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود). لە 2011ـەوە یەکەمجار بوو حەلەب بەو شێوەیە بکەوێتە دەست گرووپی چەکدار.
ئێران و رووسیای هاوپەیمان
رۆژی یەکشەممە (01-12-2024) فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیای هاوپەیمانی چەند هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر چەند ناوچەیەک. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، 12 کەس لە حەلەب و 9 کەسیش لە ئیدلب کوژراون.
سوپای رووسیا بڵاویکردەوە، ئەوان یارمەتیی هێزەکانی حکومەتی سووریا دەدەن بۆ ئەوەی، "بەرەنگاری شەڕانگێزیی تیرۆریستان لە ئیدلیب، حەما و حەلەب ببنەوە."
رووسیا هەروەها گوتی "لەماوەی 24 کاژێری رابردوو، هێرشی مووشەکی کرایە سەر ئەو شوێنانەی چەک و چەکداریان لێبووە و 320 چەکدارمان کوشت."
رووسیا لە ساڵی 2015ـەوە بە هانای بەشار ئەسەدەوە چووە و ئاراستەی جەنگەکەی لەبەرژەوەندیی حکومەتی سووریا گۆڕی.
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان لە حەلەب "گرووپێکی چەکدارەکان و فەرماندەکانیانیان کردە ئامانج و دەیان کەسیان لێ کوشتن. هەروەها، فڕۆکەکان توانییان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی تیرۆریستان کە چەک و تەقەمەنییان هەڵگرتبوو، لە پارێزگەی ئیدلیب بکەنە ئامانج."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چووە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە. لەوێ بە ئەسەدی گوت "ئێران، پشتیوانی لە حکومەت و سوپای سووریا دەکات."
دوای کۆبوونەوەکان، ئەسەد دووپاتی کردەوە، "پاڵپشتیی هاوپەیمان و هاوڕێیانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان، کە لەلایەن دەرەوەوە پاڵپشتی دەکرێن، گرنگە."
بەرەبەیانیی 02-12-2024 ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا کرد." لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە میڵەر گوتی، "بلینکن و فیدان گفتوگۆیان لەبارەی پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان، پاراسنتی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە کرد."
کورد و هێزە کوردییەکان
هاوشانی هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیکی تورکیا، هەروەک سەرچاوە خۆجێیەکان باسیانکرد، "هێرشیان کردە سەر چەکدارانی کورد لە پارێزگەی حەلەب و شارۆچکەی تەلڕەفعەت و گوندەکانی دەورووبەریان کۆنترۆڵکردن." تەلڕەفعەت 20 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە.
سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن "نزیکەی 200 هەزار کوردی سووریا لە باکووری حەلەب، لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە تورکیاوە گەمارۆیان خراوەتەسەر."
ئەمڕۆ (دووشەممە) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، "لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی ئەو گرووپە چەکدارانە بووینەتەوە کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات." دەشڵێت لەگەڵ "هەموو لایەنەکانی سووریا لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان بپارێزین و لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا بە سەلامەتی بیانبەینە دەرەوە بۆ ناوچە سەلامەتەکانی باکووری رۆژهەڵات."
مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەش کردووە "رووداوەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بە شێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو پەرەیان سەند. هێزەکانمان لە ژمارەیەک بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە."
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت، "لەگەڵ رووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لەنێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلرەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و پشت بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەبەستێت، هۆشداری دەدات لەوەی؛ هێزی بە ناو "سوپای نیشتمانیی سووریا" 200 هەزار دانیشتووی کوردی باکووری حەلەبی گەمارۆداوە و دەڵێت، مەترسیی "کۆمەڵکوژیی گەورە" لە دژی کورد هەیە.
شەوی یەکشەممە، هەسەدە راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا هێرشێکی بەرفراوان ئەنجامدرا و هێزەکانی حکومەتی سووریا لە حەلەب و چەندین ناوچەی دیکە شکستیان هێنا."
بەڕێوەبەرایەتیى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام، پەیامێکى ئاراستەى هەسەدە کرد و دەڵێ، ئەوان شەڕ لەدژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دووردەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات؛ بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس، فەرهاد شامى، گوتەبێژى هەسەدە رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن قایل بووین بە کشانەوە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە"، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری، بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ کشانەوە لەو گەڕەکە کوردییانەی حەلەب.
وەک لە ڤیدیۆیەکدا کە بە تایبەتی بۆ رووداو نێردرابوو، دەرکەوت گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا تۆپبارانی ناوچەی ئەحداسیان کرد لە هەرێمی شەهبا لە باکووری حەلەب. بەگوێرەی چەند زانیارییەک کە بە رووداو دران، چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەر ناوچەی پیشەسازیی نەجاڕ و ناوچەی مسلمییە دا گرت.
عەلی عیسۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردانی ئێزدی (ئیزدینا) لە بووڵتەنی کاژێر 23:00ـی رووداو گوتی "نزیکەی 5000 کوردی ئێزدی لە شەهبا و ئەشرەفییە لە دۆخێکی سەختدان. نابێت جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی بەرامبەر کوردان لە رۆژئاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە."
بە گوتەی عەلی عیسۆ، لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەی شەهبا، نزیکەی نیو ملیۆن کورد هەن، بە تایبەتیش ئاوارەکانی هەرێمی عەفرین کە دوای شەڕی عەفرین لە شەهبا جێگیربوونەتەوە و ئێستا نازانرێت چارەنووسیان چی لێدێت.
'سەدان کوژراو'
پێش هێرشەکە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (جەبهەتوول نوسرەی پێشوو) کە سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، بەشێکی گەورەی ئیدلیبی لەدەستدا بوو. بە هێرشکردنە سەر حەلەب لەو پێنج رۆژەدا، لانیکەم 417 کەس کوژراون کە زۆربەیان چەکدار و سەربازن.
دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، چەکدارەکان روویان لە پارێزگەی حەما کرد، کە چوارەم گەورەترین شاری سووریایە و لە دووریی 230 کیلۆمەتر لە باشووری حەلەبە. چەکدارەکان لە باکووری حەما چوونە ژوورەوە و چەندین گوند و شارۆچکەی دەوروبەریان کۆنترۆڵکردن.
'حکومەتی لاواز'
ئارۆن ستێن، سەرۆکی پەیمانگەی توێژینەوە لە سیاسەتی دەرەوە، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە گوتی "پێشڕەویی چەکدارەکان پیشانی دا حکومەتی سووریا چەند لاوازە."
ئارۆن لەند، لە ناوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتیی سێنچری گوتیشی"ئەگەر حکومەتی سووریا زوو هێرشی پێچەوانە نەکات، یان رووسیا و ئێران پاڵپشتیی زیاتر نەنێرن، حەلەب لەدەستچووە و حکومەت پێی وەرناگیرێتەوە. حکومەتێکیش بەبێ حەلەب، حکومەتێکی کرداری نییە."
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکاش رایگەیاند "پشتبەستنی سووریا بە رووسیا و ئێران،" هەروەها رەتکردنەوەی ئەو پرۆسەیەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2015 بۆ ئاشتی دیاریکردبوو، "بوونە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخەی ئێستا.
لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەم هێرشەوە نییە کە دەستەی تەحریری شام دەستیپێکردووە، کە رێخکراوێکی بە تیرۆریست پۆلێنکراوە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش سەرکۆنەی حکومەتی سووریای کرد و ئەوی بە "هۆکار"ـی ئەو گرژییانە وەسفکرد.
'هاووڵاتییانی سیڤیل و ژێرخانەکان بپارێزن'
هەریەک لە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و پاراستنی خەڵک و ژێرخانی سیڤیلیان کرد.
هەر چوار وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ ئاماژەیان بەوە کرد، "ئێمە، لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکانی سووریا دەکەین و داوادەکەین هەموو لایەنەکان گرژییەکان کەمبکەنەوە و خەڵکی سڤیل و ژێرخان بپارێزن، بۆ ئەوەی رێگری لە ئاوارەبوونی زیاتری خەڵک و کەمبوونەوەی زیاتری دەستکەوتنی یارمەتییە مرۆییەکان بکەن."
چوار وڵاتەکە هەروەها دەڵێن "ئەم گرژیانەی ئێستا، گرنگیی گەیشتن بە چارەسەرێکی سووری بۆ ململانێکە بە گوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشاندەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ