رووداو دیجیتاڵ
کوردەکان لە سووریا بۆ خۆپاراستن لە تەنگژە و پێکدادانەکان ناوچەکانی دەورووبەر و باکووری حەلەب، بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە چۆڵ دەکەن. گوتەبێژی هەسەدە دەڵێت: "هەموویان بە سەلامەتی دەگوازینەوە".
رۆژی دووشەممە 02-12-2024، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: "گرووپێکی بچووک لە خەڵک بە سەرکەوتوویی بۆ شارۆچکەی تەبقە گواستراونەتەوە. ئاوارەکانی دیکەش لە ماوەی چەند کاژێرێکی داهاتوو دەگوازرێنەوە".
شارۆچکەی تەبقە سەر بە پارێزگەی رەققەیە و لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە. بەگوتەی فەرهاد شامی، کاروانێکی 200 ئۆتۆمبێلی [لە کوردەکان] بەرەو تەبقە بەڕێکراون.
لە ساڵی 2011ـەوە سووریا کەوتووەتە نێو جەنگی ناوخۆوە و لەوکاتەوە هێزە بیانییەکان و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە جەنگەکە بەشداربوون. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون و نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش ئاوارە بوون.
کوردەکان سووریا بە چەند شەپۆلێکی ئاوارەبووندا تێپەڕیون، ئێستا دووبارە خۆیان لەنێو قوڕگی تەنگژەکاندا دەبیننەوە.
رۆژی چوارشەممە 27-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر حەلەب، دووەم گەورەترین شاری سووریا. دوای چەند رۆژێک، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان هێرشیانکردە سەر شارۆچکەی تەل رەفعەت، کە لە باکووری حەلەبە و لە سنووری تورکیا نزیکە و لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، "نزیکەی 200 هەزار کوردی سووریا لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە تورکیاوە گەمارۆیان خراوەتەسەر" و رایگەیاند، مەترسیی "کۆمەڵکوژیی گەورە" لە دژی کورد هەیە.
لەلایەکی دیکە ئەمڕۆ دووشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، دەیانەوێت ئەو کوردانەی کە لە تەل رەفعەت و ناوچەکانی دیکەی حەلەب دەژین، بگوازنەوە ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
مەزڵوم عەبدی گوتیشی: "لەگەڵ داڕووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلڕەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: "لە هەمان کاتدا بەرخودانی هێزەکانمان بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان لە ناوچە کوردییەکانی شاری حەلەب بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ