وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ پاراستنی سیڤیل لە سووریا دەیکەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەرەسەندنە نوێیەکانی سووریاوە بە رووداوی راگەیاند، ""ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کە روونی بکەینەوە بۆ هەموو لایەنێک و هەموو وڵاتێك کە دەستی لەگەڵ هەر لایەنێك لە نێو سووریادا تێکەڵ کردووە کە ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل".
 
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو قسانەی لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن کرد.
 
ئەو هەروەها گوتی،"ئێمە لەوێ هێزمان هەیە بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانیەتی دژ بە داعش تاوەکو رێگری لە هەستانەوەی داعش لە نێو سووریادا بکرێت، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم هەموو تێکەڵبوونێکمان لە سووریا و لە هەر شوێنێكی دیکەی جیهان ئێمە هەمیشە هانی ئەو لایەنە دەدەین کە کاری لەگەڵدا دەکەین تاوەکو ئەوەی کە لە توانایدا بێت بیکات بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل".
 
دیار کوردە لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەپرسێت، دەیان ڤیدیۆ بڵاوبوونەتەوە کە پێشێلکاری بەرامبەر بە خەڵک و ژنان بەتایبەتی نیشاندەدەن؛ ئێوە وەک هەڕەشەیەک بۆسەر داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە نایانبینن، یان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە؟ ماتیۆ میڵەر لە وەڵامدا دەڵێت، "من نازانم باسی چ ڤیدیۆیەک دەکەیت، بۆیە ناتوانم لێدوانی لەسەر بدەم".
 
دیار کوردە پرسیاری ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوەی لە ماتیۆ میڵەر کرد، کە لە ناوچەی تەلڕفعەتی هەرێمی شەهبا لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب تۆمارکراوە، سێ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە لە لایەن چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا"ی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بە دیل گیراون و سووکایەتییان پێدەکرێت.
 
دوو لە شەڕڤانەکان ژنن و ئەوی دیکەیان پیاوە؛ تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
 
 
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
    
شاری حەلەب لە ژێر دەسەڵاتی سوپای دەوڵەتی سووریا بوو، دوای هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە، تەنیا گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نەکەوتنە ژێر دەستی تەحریری شام، ئەوانیش لەژێر دەستی هێزە کوردییەکان بوون (یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانی ئاسایش).
  
رۆژی یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2024، جەیک سوڵیڤان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا سەبارەت بە گرژییەکانی سووریا رایگەیاند، "لەگەڵ لایەنەکانی ناوچەکە لە راوێژداین بۆ دۆزینەوەی باشترین رێگە (چارەسەر) بۆ دۆخەکە".
 
راشیگەیاند، "ئەوەی دەمانەوێت بیبینین جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکانە کە دەبێتە ئاشتی و سەقامگیری بۆ سووریا و پارێزبەندی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانە کەمینە ئایینییەکان."
  
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵانێکی زۆرە رژێمی سووریا لە جەنگێکی ناوخۆییەوە تێوەگلاوە و لەلایەن سێ لایەنەوە پاڵپشتی دەکرێت کە رووسیا، ئێران و حیزبوڵـڵان. هەر سێ پاڵپشتیکارەکە لاوازبوون بە گرژییەکانی ناوچەکانی دیکەوە. بۆیە ئەمە سەرسامکەر نییە کە دەبینیت لایەنەکان لە سووریا هەوڵ دەدەن سوود لەمە ببینن، ئەمەش ئەو شتەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا کردوویانە." 
 
هەر رۆژی یەکشەممە، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە وڵاتێکدا کە 14 ساڵە بەدەست جەنگ و گرژییەوە دەناڵێنێت، زیادبوونی گرژییەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروستکردووە و کاریگەری جیدیشی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت". 
 
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکانی شەڕ دەکات "پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل بن. ئەمە نامەیەکی روونە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لە گرژییەکەدان". 
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دەستپێکی هێرشەکانەوە سەرووی 400 کەس کوژراون کە زۆرینەیان چەکدار بوون.
 
لە لایەکی دیکە، ئادەم عەبدولمەولا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، خەڵکی سووریا خۆیان لە زەبری دەروونیی ئاوارەبووندان، "ئێستا دووبارە ئاوارە دەبنەوە".
 
عەبدولمەولا کە لە هەمان کاتدا هاوئاهەنگیکاری کاروباری مرۆیی سووریایە گوتی، "ئەو گرژییەی لە چوارشەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی لەدەستدانی تراژیدیی خەڵکی سڤیل لەنێویاندا ژنان و منداڵان، زیانگەیاندن بە ژێرخانی مەدەنی و راوەستانی خزمەتگوزاریی گرنگ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە.

ئەنەکەسە داوا لە کوردی حەلەب و شەهبا دەکات کۆچ نەکەن

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان، یاخود کۆچپێکردنیان رەتدەکاتەوە، داواش لە کوردانی حەلەب و شەبها دەکات لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.