ئێران دەڵێت 'راوێژکارە سەربازییەکان'ـی لە سووریا دەهێڵێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێران رایدەگەیێنێت، پلانی نییە کە 'راوێژکارە سەربازییەکان'ـی لە سووریا بکشێنێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کە تەنیا لەسەر داواکاری سووریا خۆی، راوێژێکارەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسماعیل بەقاعی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران گوتی: "ئێمە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەسەر داواکاری فەرمیی حکومەت، ئەو کاتەی کە گەلی سووریا رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر بووبووەوە، چووینە نێو سووریا".
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا، ئێران ئامادەیی خۆی نیشان دا پاڵپشتی حکومەتەکەی ئەسەد بکات. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لەبارەی هەژموونی ئێران لە سووریا دەربڕیوە و چەندینجار ئەمریکا و ئیسرائیلیش بارەگای هێزە ئێرانییەکانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "راوێژکارە سەربازییەکانمان پێشتر لە سووریا بوون، هەر لە سووریاش دەمێننەوە". 
 
گوتەکانی بەقاعی رۆژێک دوای کۆبوونەوەی عەباس ئێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دێت لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە دیمەشق.
 
عەباس ئێراقچی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەسەد، پاڵپشتی تارانی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە.
 
لە رۆژی چوارشەممەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیانکردووە، ئەمە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەتایبەت حەلەب، کرد.