چین: پاڵپشتی لە سووریا بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
چین رایدەگەیێنێت، پاڵپشتی لە سووریا دەکەن "بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ئاسایش و سەقامگیری بدات".
 
رۆژی دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، لین جیێن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "چین دەیەوێت هەوڵێکی ئەرێنی بۆ رێگەگرتن لە زیاتر تێکچوونی دۆخی سووریا بگرێت".
 
چوارشەممەی رابردوو، دەستەی تەحریری شام لە شاری حەلەب هێرشی کردە سەر حکومەتی سووریا، جگە لە گەڕەکەکانی ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود، تەواوی حەلەبی کۆنتڕۆل کرد. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیا رۆژی یەکشەممە، هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر چەکدارانی دەستەی تەحریری شام. 
 
دوێنێ یەکشەممە، عەباس ئێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشقی سووریای کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبوویەوە و پێیگوت، "ئێران، پاڵپشتی لە حکومەت و سوپای سووریا دەکات".
 
لەکاتێکدا کە رووسیا و ئێران بە هێزی نزیک و پاڵپشتیکاری سووریا دادەندرێن، سووریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چینیش بەرەو پێش بردووە. 
 
لە حوزەیرانی رابردوو، کاتێک ئەسەد سەردانی چینی کرد، لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین "هاوبەشییەکی ستراتیژی"ـیان راگەیاند.
 
ئەو وڵاتانەی کە ئەسەد دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەی لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی کردوون، بریتین لە چین، رووسیا و هیندستان.
 
لەکاتی سەردانەکەیدا، سەرۆکی چین بە ئەسەدی راگەیاند، ئەوان پاڵپشتی لە دیمەشق دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی و پاڵپشیش لە "سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا" دەکەن.