بەشار ئەسەد: ئەوەی روودەدات هەوڵێکە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سووریا ئەو رووداوانەی کە لە باکووری وڵاتەکەی روودەدات بە هەوڵێک بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە ناودەبات.
رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکایەتیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران قسەی کردووە
سەرۆکایەتی سووریا دەڵێت، ئەسەد لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە پزیشکییانی راگەیاندووە، "پەرەسەندنە تیرۆریستییەکان گوزارشت لە ئامانجە دوورمەوداکان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە و پارچەپارچەکردنی وڵاتانی ناوی و دووبارە کێشانەوەی نەخشەکە بەگوێرەی ئامانجەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا دەکات".
لە رۆژی چوارشەممەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیانکردووە، ئەمە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەتایبەت حەلەب، کرد.
ئەسەد لە لایەن ئێران و رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت و هەردوو هاوپەیمانەکەشی، دوای کەوتنی حەلەب، ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە، کە یارمەتییەکانیان بۆ سوپاکەی ئەسەد بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، سوپای رووسیا و سووریا لە بۆردوومانکردنی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بەردەوامن.
دوای چەندین ساڵی شەڕی نێوخۆ، ئەسەد توانی بەشێکی زۆری خاکی سووریا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و تاوەکو هەفتەی رابردوو، دۆخی سووریا هەر بەوشێوەیە مایەوە.
لە چوارشەممەی رابردوو، دەستەی تەحریری شام هێرشی کردە سەر حەلەب و جگە لە دوو گەڕەکی کوردی، تەواوی شارەکەی کۆنتڕۆڵ کرد.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی شەڕی دەستەی تەحریری شام دژی هێزەکانی حکومەت و بۆردوومانەکانی سوپاکانی سووریا و رووسیا زیاتر لە 500 کەس لە هەردوولا کوژراون، لەنێویاندا 72 کەسی سیڤیل هەن.