رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان، یاخود کۆچپێکردنیان رەتدەکاتەوە، داواش لە کوردانی حەلەب و شەبها دەکات لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-12-2024، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی باکووری سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەنجوومەنەکە باس لەوەدەکات بەوپەڕی گرنگییەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنە خێراکانی باکووری سووریا دەکات، کە لە رۆژانی رابردوودا، دەستەی تەحریر شام و گروپەکانی سوپای نیشتمانیی دەستیان بەسەر ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب داگرتووە.
ئەنەکەسە رایگەیاندووە، زانیاریی هەیە بە پاساوی "ئاوارەبوونی ئارەزوومەندانە" کارکراوە و هانی دانیشتووانی کورد دەدرێت بەرەو رۆژهەڵاتی فورات کۆچ بکەن.
رۆژهەڵاتی فوڕات لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات دایە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا دەڵێت: "بە هەموو شێوەیەک، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان، یاخود کۆچ پێکردنیان رەتدەکەینەوە. خەڵک مافی خۆیەتی لە زێدی خۆی بمێنێتەوە و دەست بە مافەکانیانەوە بگرن".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی داوا لە کوردانی دانیشتووی حەلەب و شەهبا دەکات، "نەکەونە دوای ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە کورد کۆمەڵکوژ دەکرێت، ئەگەر ناوچەکانیان بەجێنەهێڵن و لە ماڵ و زێدی خۆیان بمێننەوە".
لە چوارشەممەی رابردوو، دەستەی تەحریری شام هێرشی کردە سەر حەلەب و جگە لە دوو گەڕەکی کوردی، تەواوی شارەکەی کۆنتڕۆڵ کرد.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی شەڕی دەستەی تەحریری شام دژی هێزەکانی حکومەت و بۆردوومانەکانی سوپاکانی سووریا و رووسیا زیاتر لە 500 کەس لە هەردوولا کوژراون، لەنێویاندا 72 کەسی سیڤیل هەن.
ئەنجوومەنەکە بانگەواز بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و تورکیا دەکات، "بەرپرسیاریەتی مانەوەی ئەمانە لە زێدی خۆیان هەڵبگرن، خەڵکی سڤیل بپارێزن، گەرەنتی بدەن، کە رووبەڕووی هیچ نەبنەوە".
هەروەها داوا لە گرووپە چەکدارەکان دەکات، خەڵکی سڤیل نەکەنە ئامانج، رێز لە ژیان و موڵک و ماڵیان بگرن. ئەو خەڵکەی عفرین کە لە 2018وە بۆ ناوچەی شەهبا ئاوارە بوون، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هاوکات داواش لە هاوپەیمانی نیشتمانیی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات، "ئاسانکاری بکەن تاوەکو ئاوارەکان بە ئارامی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، گەرەنتی گەڕانەوە موڵک و ماڵیان بکرێت".
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی، رژێمی سووریا بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانێت لە بەردەوامی ئەو کارەستانەی بەسەر سووریا دێت، بەهۆی رەتکردنەوەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و نادیدەگرتنی داواکاری رەوای خەڵکی سووریا.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و یاسایی لە بەرامبەر خەڵکی سووریا لەئەستۆ بگرێت، بە جدی جموجۆڵ بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەیوست بەم بابەتە. گوشاریش بکاتە سەر رژێمی سووریا بۆ ئەوەی پابەندی چارەسەریی سیاسی بێت، سنوورێک دابنێت بۆ تووندوتیژی بەردەوام، بەشێوەیەک گەرەنتی رزگارکردنی سووریا و خەڵکەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ