لە شەهبا 200 هەزار کوردی عەفرین ئاوارە دەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی گەلی عەفرین و شەهبا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە "کۆمەڵکوژی" بڕیاریانداوە لە شەهبا و دەوروبەری بچنە دەرەوە، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆ دراون.
 
دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی 2018 لەلایەن چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پشتیوانی تورکیا، نزیکەی 200 هەزار هاونیشتمانیی ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی حەلەب و شەهبا بوون، ئێستا دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی ئەو ناوچانە، جارێکی دیکە ئاوارە دەبنەوە. 
 
بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان، نزیکەی 200 هەزار هاونیشتمانیی عەفرین لە شەهبا و سنووری حەلەب دەژین، ئێستا شەهبا لە سێ لاوە بە گرووپە چەکدارەکان گەمارۆ دراوە و لایەکی دیکەشی حکومەتی سووریایە، ئەو هاونیشتمانیانە ناچارن کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە.
 
لە 26ـی ئەم مانگەوە چەکدارانی گرووپی تەحریر شام کە پێشتر بە جەبهەی نووسرە دەناسران، هێرشێكی فراوانیان کردە سەر حەلەب و دەورووبەری و زۆرینەی ناوچەکان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا بوون کۆنترۆڵکرد و لە چەند ناوچەیەکیش رووبەڕووی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوونەوە.
 
میدیای بەڕێوەبەریی خۆسەر دەڵێت: "هێزەکانی رزگاریی عەفرین کە شەش ساڵە شەهبا و دەورووبەری دەپارێزن لە چوار لاوە بەرگرییان لە خەڵکی ناوچەکە و کەمپەکان کردووە و بەردەوامن".
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەنجوومەنی گەلی عەفرین و شەهبا ئەمڕۆ دووشەممە رایانگەیاند، "هێزەکانی رزگاریی عەفرین بەرخۆدانێکی بێ وێنەیان کرد، بۆ ئەوەی گەلەکەمان کۆمەڵکوژ نەکرێت و هیچ هاووڵاتییەک خوێنی نەڕژێت، بڕیارماندا لەم هەرێمە بچینە دەرەوە، کە لەلایەن چەتەکانی سەر بە تورکیاوە گەمارۆدراوە".
 
دوای راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی گەلی عەفرین و شەهبا، ئاوارەکانی ناوچەکە بە کۆمەڵ دەستیان بەجێهێشتنی شەهبا  بەرەو ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کرد.
 
ئاوارەکانی عەفرین تەنیا لە شەهبا جێگیر نەبوون لە شەش ساڵی رابردوودا، بەشێکیان لە تل رەفعەت، ئەحراس، ئەحداس، فافین و 40 گوندی سنووری شەهبادا ژیاون.
 
هەر لە سنووری شەهبا جگە لەوانەی لە ماڵ و گەڕەکاندا نیشتەجێ بوون، پێنج کەمپیش هەنە کە ئەمانەن: کەمپی سەردەم. بەرخۆدان، عەفرین، ئودا و شەهبا و هەشت هەزار و 94 کەس تێیاندا دەژین.