نوورەدین بابا بۆ رووداو: پێویستە هەسەدە لە حەلەب بچێتە دەرەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
نوورەدین بابا، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە حەلەب قسە بۆ رووداو دەکات.
نوورەدین بابا، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە حەلەب قسە بۆ رووداو دەکات.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ژووری بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان راگەیاند، 100٪ی شاری حەلەب لە ژێر کۆنتۆڵی هێزەکانیان دایە. راشیگەیاند، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە پاشەکشە بکەن.
 
'کورد کەسوکارمانن و هەسەدە دەکشێتەوە'
 
نورەدین بابا، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە حەلەب، کە میوانی بوڵتەنی کاژێر 11:00ی رووداو بوو. دڵنیایی دایە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە پارێزراو دەبن
 
نوورەدین بابا رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمەوە تەواوی گەڕەکەکانی حەلەب کۆنترۆڵکراون، بەڵام هێشتا هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، کە  کوردنیشینن لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتن.
 
نوورەدین بابا دەڵێت، دانوستاندنێک لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی پەکەکە (مەبەست لێی هەسەدەیە) دەکرێت بۆ ئەوەی بەبێ شەڕ لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بکێشێنەوە.
 
هەسەدە هۆشداری داوە کە رەنگە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێشێلکاری بەرامبەر دانیشتووانی هەردوو گەڕەکە کوردنیشینەکە بکەن، بەڵام ئەندامەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەوەی بە "پروپاگەندە و چەواشەکاریی هەسەدە" ناوبرد و گوتی: "پەیامی دڵنیایی بە گەلی کوردی کەسوکارمان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بگەیێنین بەوەی ئەوان کەسوکاری ئێمەن، پابەندی خۆمان بە هەموو پێوەرە ئەخلاقییەکان رادەگەیێنین و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکەین و رێزیان دەگرین."
 
ئەو بەرپرسەی ئۆپۆزیسیۆن داوای لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە کرد، کە چەکەکانیان دابنێن و گوتی: "هەر کەسێک دەستی بە خوێنی گەلی سووریا سوور نەبووبێت، ئەگەر دەستبەرداری چەکەکەی ببێت، بەدڵنیاییەوە میکانیزمی لێبووردنمان هەیە کە بەم نزیکانە بۆ رای گشتیی بڵاوی دەکەینەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ تێکەڵی کۆمەڵگە ببن لەگەڵ برا و خوشکەکانی دیکەیان کار بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی وڵات بکەن."
 
نورەدین بابا رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکەیان لەگەڵ کورد هەبێت و گوتی : "ئەوان (کورد) بەشێکن لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی سووریایی کە هەموومان شانازی پێوەدەکەین،  کێشەی ئێمە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە چونکە ئەوان رووخساری کوردی حیزبی بەعسی سووریان." دەشڵێت: "ئەوان زۆرترین پێشێلکاریان لە دژی گەلی کورد کردووە. بەرچاوترین تاوان و پێشێلکارییەکانیان رفاندنی کچ و کوڕە تازەپێگەیشتوو و مێرمنداڵ و هەرزەکارەکان و بە سەربازکردنیانە و هانیان دەدەن بۆ کوشتنی سووریاییەکان. 
 
هێز و لایەنەکانی ئۆپەراسیۆنەکە کێن؟
 
چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن ئۆپەراسیۆنەکەیان ناو ناوە، "ردع العدوان" کە فەرماندەیی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سەرپەرشتی دەکات. ئەندامانی پێکهێنەریشی سەرجەم هێز و لایەنەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی "فتح المبین"نن.
 
نورەدین بابا دەڵێت: "هەر هێز و لایەنێکی سەربازیی بیەوێت بەشداری لەم ئۆپەراسیۆنە بکات، رێگری لێناکەین، بەڵام ناچاریان دەکەین بۆ ئەوەی پابەندی رەفتار و مامەڵەی باش بن لە چوارچێوەی فەرماندەی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان."
 
هەندێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتبار دەکرێن، کە پێشێلکاریان بەرامبەر دانیشتووانی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان کردووە، ئەو بەرپرسەی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت: "ئەگەر هەڵە و پێشێلکار کرابێت، رەنگە بەهۆی زۆری ژمارەی موجاهیدەکانەوە بێت، کە بەهۆی خراپی تۆڕی پەیوەندییەکان، نەتوانراوە گشتاندن بۆ سەرجەمیان بکرێت. بۆیە هەر هەڵەیەک و پێشێلکارییەک و هەر جۆرە کەموکوڕییەک هەبێت، هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین."
 
نوورەدین بابا ئاماژە بەوە دەکات ئێستا دانوستاندنیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە، کە ئەو بە پەکەکە ناوی بردن و گوتی: "هەر کەسێک  بەزۆرەملێ لە ریزەکانی پەکەکە کرابێتە چەکدار بەو مەرجەی بە تاوانەکانی کوشتن و رفاندن و ئەشکەنجەدانی خەڵک و دەستدرێژکردنە سەر ماف و ئەتککردنی نامووسی خەڵک تێوەنەگلابێت، پارێزراو دەبێت."
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەوانەی چەک دادەنێن، نوورەدین بابا گوتی: "بە میکانیزمێکی یاسایی و ئەمنی چارەنووسیان یەکلا دەکرێتەوە. کە بەمنزیکانە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، رادەگەیێندرێت. 
 
بۆچی دژی هەسەدەن؟ 
 
نوورەدین بابا باسی هۆکاری دژایەتیکردنیان بۆ هێزەکانی هەسەدە دەکات و دەڵێت: "ناکۆکی و جیاوازی سەرەکیی نێوانمان لەگەڵ هەسەدە کە بڕبڕەی پشتی پەکەکە-یە، بژاردەی خودی هەسەدەیە کە هاوشێوەی رژێمی سووریا خەڵک دەکوژن. گوتارەکانیان نیشتمانیی نین و هەمان گوتاری پەکەکەیە و بانگەشەی جوداخوازی و تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانیی سووریا دەکات.بەردەوام بەناوی دۆزی کوردەوە پێشێلکاری بەرامبەر کورد دەکەن."
 
'سووکایەتیمان بە ژنان نەکردووە'
 
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی سەر حەلەب، هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت کە سوکایەتی بە چەند ژنە شەرڤانێکی هەسەدە دەکرێت، کە بە دیل کەوتوونەتە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن.
 
نوورەدین بابا لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوەی پەیوەندیی بە ژنە کوردەکانەوە هەیە ئێمە هەرگیز سووکایەتی بە ژنان ناکەین ئەمە رەوشتی ئێمە نییە. بەڵام لە بەرامبەردا ئەمە رەوشتی پەکەکەیە کە ژنانی لە کۆمەڵگە دەرهێنا و چەکی پێدان و تووشی شەڕ و پێکدادان و سەرئێشەی زۆری کردن."
 
نوورەدین بابا  دەشڵێت: "لە ئەگەری راست و رەوا بوونی هەر گرتەڤیدیۆییەک لەوانەی باس کراون، ئەمە هەڵەیە و دانی پێدادەنێین و پابەند دەبین بە چارەسەرکردن و گەڕاندنەوەی ماف بۆ ئەوانەی مافەکانیان پێشێل کراوە."
 
'تیرۆریست نین'
 
گرووپی تەحریری شام، کە بەرەی نوسرەی جارانە، لەلایەن ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاواوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. بەڵام نوورەدین بابا پێیوایە پۆلینکردنیان بە تیرۆر لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی، سیاسی و لۆژیکی نییە "بەڵکو میزاجی کەسییە و بەندە بە میزاجی زلهێز و خاوەن هەژموونەکانی ناوچەکە."
 
ئەو رەخنە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت: "ئەمریکا بەشێک لە هێزە نیشتمانپەروەرە سووریاییەکان بە رێکخراوی تیرۆریستی پۆلین دەکات خۆیشی پاڵپشتی هەندێک گرووپ دەکات وەک پەکەکە کە لە لیستی تیرۆری خۆی و وڵاتانی هاوپەیمانییەتی. کەواتە ئەو فاکتەرەی کە بەندە بە پۆلینیکردنی هێزێک بە تیرۆر بەندە بە بەرژەوەندییەکان."
 
'خۆبەڕێوەبەری پەیڕەو دەکەین'
 
نوورەدین بابا باسی لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی حەلەب و ئیدلیب دەکات و دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێ رۆڵەی ناوچەکان خۆیان ناوچەکانیان بەڕێوەببەن. باشترین نموونە خۆمم، من رۆڵەی حەلەبم و ماڵباتەکەم ماڵباتێکی ناسراوی حەلەبە. مافی خۆمە شارەکەم بەڕێوەببەم و بەرگریی لە مافی رۆڵەکانی شارەکەم بکەم."
 
بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ سەر عەفرین ژمارەیەکی زۆر کوردی دانیشتووی عەفرین لە ساڵی 2018 ئاوارەی ناوچەکانی شەهبای سەر بە حەلەب بوون، ئێستا جارێکی دیکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ئاوارە بوونەتەوە. 
 
ئەندامەکەی ژووری بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە حەلەب لەو بارەیەوە گوتی: "بە گشتیی ئێمە دژی کۆچکردنی هەر هاووڵاتییەکی سووریایین لە ناوچەکەی یان گوند و گەڕەکەکەی لەبەر هۆکاری نەژادپەرستی و رەگەزپەرستی و ئاینییەوە. داوا لە تەواوی کەسوکارەکانمان دەکەین لە ماڵیان بمێننەوە."
 
ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەی ئەوە دەکات ئامانجێکی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکەیان گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان، نوورەدین بابا جەختی لەسەر ئەو ئامانجە کردەوە و گوتی: "هیوادارین هێز و لایەنە شۆڕشگێڕەکان کۆنترۆڵی تەواوی هەموو ئەم ناوچانە بکەن بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارەکان بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. لەگەڵ ئەوەدام داوای لێبووردنیان لێ بکرێت و کەرامەتیان بپارێزرێت و قەرەبوو بکرێنەوە و هان بدرێن بەشدابن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە."
 
عەفرین لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای ئازادە، بەگوێرەی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە دوای  کۆنتڕۆڵکردنی عەفرینەوە تاوەکو ئێستاش پێشلێکاری بەرامبەر کوردی رەسەنی شارەکە بەردەوامە.
 
نوورەدین بابا دەڵێت: "عەفرین لەژێر کۆنترۆڵی سەربازی و ئەمنی و حکومی ئێمەدا نییە، هەموو خەڵکی عەفرین مافەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە. هەموو ئەوانەش دادگەیی دەکرێن کە پێشێلکارییان کردووە."
 
نوورەدین بابا گوتیشی: "هەرگیز پاساو بۆ هەڵەکان ناهێنینەوە و کارە ناشیرنەکان جوان ناکەین. دەڵێین کەسانێک هەن لەسەر ئێمە حیساب کراون، هەڵەی گەورەیان کردووە. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە لەرووی ئەخلاقی و نیشتمانپەروەرییەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم هەڵانە و بەرپرسیارێتی دەخەینە سەرشان."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوارەبوونی هاونیشتمانییان لە شەهبا.

لە شەهبا 200 هەزار کوردی عەفرین ئاوارە دەبنەوە

ئەنجوومەنی گەلی عەفرین و شەهبا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە "کۆمەڵکوژی" بڕیاریانداوە لە شەهبا و دەوروبەری بچنە دەرەوە، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆ دراون.