رووداو دیجیتال
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، هێزەکانیان "لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی ئەو گرووپە چەکدارانە بوونەتەوە کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات."
مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "رووداوەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەشێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو پەرەیان سەند. هێزەکانمان لە ژمارەیەک بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی دەستیان بە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا کرد.
مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "لەگەڵ داڕووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلڕەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند."
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی دەستەی تەحریری شام، هێزەکانی لایەنگری تورکیاش دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان کرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و پشت بە تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیامنێران لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەبەستێت، هۆشداری دەدات لەوەی هێزی بەناو "سوپای نیشتمانیی سووریا" 200 هەزار دانیشتووی کوردی باکووری حەلەبی گەمارۆداوە و دەڵێت، مەترسیی "کۆمەڵکوژیی گەورە" لە دژی کورد هەیە.
لەو بارەیەوە مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە کاریگەرەکانی سووریا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی گەلەکەمان بپارێزین و لە ناوچەی تەلڕەفعەت و شەهباوە بیانگوازینەوە بەرەو ناوچە سەلامەتەکانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت: "لە هەمان کاتدا بەرخودانی هێزەکانمان بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان لە ناوچە کوردییەکانی شاری حەلەب بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ