رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و پاراستنی خەڵک و ژێرخانی سڤیل دەکەن.
چوار هاوپەیمانەکە دەڵێن "ئێمە، لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکانی سووریا دەکەین و داوادەکەین هەموو لایەنەکان گرژییەکان کەمبکەنەوە و خەڵکی سڤیل و ژێرخان بپارێزن، بۆ ئەوەی رێگری لە ئاوارەبوونی زیاتری خەڵک و کەمبوونەوەی زیاتری دەستکەوتنی یارمەتییە مرۆییەکان بکەن."
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەروەها دەڵێن "ئەم گرژیانەی ئێستا، گرنگیی گەیشتن بە چارەسەرێکی سووری بۆ ململانێکە بە گوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشاندەدەن."
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە رۆژی چوارشەممەوە دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەشار ئەسەد و بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2016ـەوە، حەلەبیان کۆنترۆڵکرد، کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئێستا تەنیا گەڕەکە کوردنشینەکان نەبن، گەڕەکەکانی دیکەی شاری حەلەب لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی کوردنشینی حەلەب بکشێتەوە، بەڵام کشانەوەکە لە ژێر چاودێریی هێزەکانی ئەمریکادا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ