ئاوارەکانی ئیدلب داوای یارمەتی دەکەن: پێداویستیی گەرمکردنەوەیان نییە

02-12-2021
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چارەنووسی بەشێک لە منداڵانی ئیدلیب ئەوەیە لە ئاوارەییدا لەدایکبوون و ساڵانی کەمی تەمەنیشیان هەر لە ئاوارەییدا بەسەربردووە. بەڕێوەبەری کەمپێک دەڵێت، خێزانەکانی نێو کەمپەکان تەنانەت پێداویستیی گەرمکردنەوەیان نییە.
 
کەمپی رەحمە لە پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریایە و یەکێکە لەو 13 کەمپەی بۆ ئاوارەکانی نێو پارێزگاکە دروستکراوە و نزیکەی 120 خێزانی تێدا دەژین؛ چەند رۆژێکە کەشوهەوایەکی سارد و بایەکی بەهێز ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی شوێنی مانەوەی چەندین خێزان.
 
عەبدوڵڵا سەتووف، بەڕێوەبەری کەمپی رەحمە دەڵێت، "زیانەکە زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی کاتێك دەبینین منداڵان لەم ناوچەیەدان. هەربۆیە هەوڵماندا تاوەکو بەیانی منداڵەکان سەلامەت بهێڵینەوە، بەڵام رۆژی دواتر و دەوروبەری نیوەڕۆ بوو باکە زۆر بەهێز بوو. خودا یارمەتیمان بدات. با-کە زیانی زۆری لە چادرەکان داوە. بیرتان نەچێت خێزانی نێو کەمپەکان تەنانەت پێداویستیی گەرمکردنەوەیان نییە و تاوەکو ئێستاش هیچ پێداویستییەکی گەرمکەرەوە نەگەیشتووە".
 
نزیکەی 3.4 ملیۆن کەسی سڤیل لە ئیدلب دەژین و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لەوان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی سووریاوە چوونەتە ئەوێ. ژیانی ئەو خەڵکەش زۆر زەحمەتە، بەجۆرێک کە نزیکەی 75%یان پشت بەو یارمەتییە مرۆییە دەبەستن کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆیان دابین دەکرێت.
 
خەڵکیش ئومێدەوارن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر یارمەتییان پێشکێش بکات، بۆئەوەی ئەم زستانە رووبەڕووی کێشەی زیاتر نەبنەوە.
 
ئاوارەیەک بەناوی محەممەد سەتووف دەڵێت، "چادرەکە رووخا بەسەرماندا؛ هەربۆیە ناچاربووین بچینە نێو چادری دراوسێکەمان. ترسی ئەوەمان هەیە باران ببارێت و ئێمەش بێ چادرین. هیچمان نییە و نازانین بۆ کوێ بچین".
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد؛ بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس کوژراون و ملیۆنان کەسی دیکەش بوونەتە ئاوارە و کۆچبەر.
 
ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، 6.2 ملیۆن کەس لەنێو سووریادا ئاوارەن و 2.5 ملیۆن کەسیش لەوان منداڵن. ژمارەکەش بەرزترین ژمارەی ئاوارەیە لە هەموو جیهاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە