دێرەزوور.. نەوتدارترین ناوچەی سووریا دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی نوێ
رووداو دیجیتاڵ
دروستبوونی شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و ژمارەیەک چەکداری زۆرینە عەرەب کە پێشتر بەشێک بوون لێی، ناوچەی دێرەزوور کە شوێنی زۆرترین بیرە نەوتی سووریایە، دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی ناڕوونەوە.
بەرپرسانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، ئەو چەکدارانە بە پشتیوانیی دیمەشق و ئێران دەیانەوێت ئەو ناوچانە لە دەستی هێزە زۆرینە کوردییەکە دەربهێنن بۆئەوەی سەربازانی ئەمریکی، کە پێکەوە لەگەڵ شەڕڤانان کێڵگە نەوتییەکان دەپارێزن، لە سووریا بکەنە دەرەوە. ئەمریکاش پشتیوانیی خۆی بۆ هەسەدە دووپات دەکاتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی ئەو گرژییانە ببنە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش.
شەڕەکە چۆن دەستیپێکرد؟
شەڕەکە، کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 40 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە و بە خراپترینی چەند ساڵی رابردووی ناوچەکە دادەنرێت، لە 27ی ئاب لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور دەستیپێکرد، دوای ئەوەی کە هێزە زۆرینە کوردییەکە ئەحمەد خبەیل ناسراو بە ئەبو خەولە، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور و چوار لە هاوکارەکانی، دوای بانگهێشتکردنیان بۆ کۆبوونەوەیەک لە حەسەکە، دەستگیر کرد.
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور هێزێکی زۆرینە عەرەبی سەر بە هەسەدەیە.
30ی ئاب، هەسەدە رایگەیاند، ئەبو خەولە لە فەرماندەییکردنی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لادراوە و چوار کەسەکەی دیکەش لە ریزەکانی هێزەکە دوورخراونەتەوە بەهۆی ئەوەی کە "لە ژمارەیەک تاوان و پێشێلکاریدا تێوەگلاون،" لەوانەش بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان.
هۆکارێکی دیکەی لادانی ئەبو خەولە، بە گوتەی هەسەدە، "دەستتێکەڵکردنی بووە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دوژمنی شۆڕشن،" کە لە قسەکانی دواتری بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دیاربوو، مەبەست لەو لایەنانە حکومەتی سووریا و هاوپەیمانە ئێرانی و رووسیەکانی بووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە ئەنجامی شەڕەکەدا ژمارەیەک گوند و شارۆچکە کەوتوونەتە دەستی چەکدارەکانی سەر بە ئەبو خەولە کە لە لایەن بەشێک لە هۆزەکانەوە پشتیوانی دەکرێن.
فەرهاد شامی، سەرۆکی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ژمارەیەک چەکدار لەنێو شارۆچکەی جورزیدان دەردەکەون.
شامی لە بارەیانەوە دەڵێت، "گرووپە چەکدارە تاوانکارەکان دامەزراوە سڤیلەکان تاڵان دەکەن و وا خۆیان دەردەخەن کە ئەو شوێنانە لە هەسەدە 'رزگاردەکەن'، وێڕای ئەوەی کە هەسەدە هیچ ئامادەییەکی لەنێو ئەو دامەزراوە سڤیلانەدا نییە."
بۆچی دێرەزوور گرنگە؟
پارێزگەی دێرەزوور دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سووریا و لەگەڵ عێراق هاوسنوورە.
رووباری فورات پارێزگەکە دابەش دەکات بەسەر دوو بەش؛ لە رۆژهەڵاتەوە هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکای لێیە و لە رۆژئاواش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە.
دێرەزوور بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگەکانی سووریا لە بواری نەوت و گاز دادەنرێت و بەشێک لە بیرە نەوتە هەرە گرنگەکان لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان کە بوونەتە شادەمارێکی ئابووریی گرنگ بۆ خۆبەڕێوەبەری هەسەدە.
هەروەها نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان کە بەشێکی زۆریان لە پارێزگەی دێرەزوورن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا رێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش بگرن.
"دیمەشق و تاران دەیانەوێت سەربازانی ئەمریکی لە سووریا بکەنە دەرەوە"
بەرپرسانی هەسەدە پێیانوایە ئەم گرژییانە بە هاندانی حکومەتی سووریا و ئێرانی هاوپەیمانی دروستبوون بۆ ئەوەی ئەمریکای هاوبەشی هەسەدە لە شەڕی دژی داعش لە سووریا بکەنە دەرەوە.
هەسەدە پێیوایە، نەمانی هێزەکانی لەو ناوچانە، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی.
فەرهاد شامی لە پۆستێکی دیکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دوو ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ساتی پەڕینەوەی هێزێکی دەمامکداری لایەنگری حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات پیشاندەدەن.
بە گوتەی شامی، هێزەکە سەر بە نەواف بەشیرن، کە سەرۆکهۆزێکی لایەنگری دیمەشقە و چوونەتە شوێنی شەڕ و پێکدادانەکان.
بەرپرسانی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەتی دیمەشق دەیەوێت وا پیشانی بدات؛ ئەمە شەڕی هۆزە عەرەبەکانە لەدژی هەسەدە.
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) رۆژی هەینی، 1ی ئەیلوول، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بەداخەوە، ئەم پێکدادانانە لە خۆیانەوە دروستنەبوون. بەڵگە هەیە پیشانی دەدات کە ئەم ئاڵۆزیانە لە لایەن میلشیاکانی سەر بە ئێران و رژێمی سووریاوە هاندراون کە لە تەواوی ناوچەکەدا نائارامی و ناسەقامگیری دەنێنەوە."
خانمە سیاسەتڤانەکە دەڵێت، "ئێران و رژێمی ئەسەد دەیانەوێت وای پیشانبدەن کە ئەم نائارامییە ئەنجامی ململانێی نەتەوەیی نێوان عەرەب و کوردە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی سووریا لەسەر خۆپێشاندانەکانی باشووری سووریا لاببەن."
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، "ئێران و رژێمی سووریا دەیانەوێت ئەمە بکەن، بەڵام بۆچی؟ هەوڵدان بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا یەکێکە لە ئامانجە چاوەڕوانکراوەکان. رەنگە ئەوان بیانەوێت هاوسۆزی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەبەستە بەدەستبێنن بەم شێوەیە لە رێگەی پێشاندانی ئەوەی کە هۆزە عەرەبییەکان لە پشت دۆخەکەوەن."
هاوکات فەرهاد شامی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ژمارەیەک چەکداری عەرەب هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەسەدە پشتڕاست دەکەنەوە، کە گوایە سەر بە هۆزی بەکارەن، کە هەمان هۆزی نەواف بەشیرن.
لە ڤیدیۆکەدا چەکدارەکان دژایەتیی خۆیان بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی بەشار ئەسەد و سووریا پشتڕاست دەکەنەوە.
هەڵوێستی ئەمریکا چییە؟
ئەمریکا داوا دەکات کۆتایی بە گرژییەکان بهێنرێت و پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەسەدە دووپات دەکاتەوە، کە بە درێژایی شەڕی دژی داعش هاوبەشێکی "گرنگ"ی بووە.
رۆژی هەینی، 1ـی ئابی 2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەسەدە و ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کرد، بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و گوتی، "ئەمریکا جەخت لە گرنگیدان بە کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سووریا دەکاتەوە، لەوانەش جەختکردنەوە لە دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش لەرێگەی هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات".
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزی ئەمریکادا هاتووە، "ئێمە پشتگیری لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکەین."
هەروەها رۆژی پێنجشەممە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا هەمان داواکاری بڵاوکردبووەوە.
هاوپەیمانییەکە رایگەیاندبوو، "سەرنجمان لەسەر کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بەردەوام دەبێت بۆئەوەی دڵنیابینەوە لە شکستی هەمیشەیی داعش."
لە راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو شەڕ و ناکۆکییانە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دروست دەکەن و دەڵێت، "دوورکەوتنەوە لەو کارە گرنگە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری و زیادبوونی مەترسی و بەهێزبوونەوەی داعش."
هەڵوێستی تورکیا چییە؟
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شتەی کە بە "سیاسەتی داپڵۆسین"ی هەسەدە ناوی دەبات.
لە راگەیێندراوێکی رۆژی هەینیی وەزارەتەکەدا هاتووە، "بەنیگەرانییەوە و لە نزیکەوە چاودێری دوایین پێشهاتەکانی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە" دەکەن کە چەند رۆژێکە لە نێوان هەسەدە و "ئەندامانی هۆزە عەرەبەکانی ناوچە جیاوازەکانی دێرەزوور روودەدەن."
وەزارەتەکە دەشڵێت، رووداوەکان لە کاتێکدان هەسەدە بەردەوامە لە سەپاندنی "سیاسەتی داپڵۆسین و بەکارهێنانی تووندوتیژی و پێشێلکاریکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ دژی گەلانی دێرینی سووریا و ئەو ناوچانەی بەزۆر کۆنترۆڵی کردوون."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەسەدە " کە لەژێر پەردەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەو رۆڵەی لەلایەن پاڵپشتیکارانییەوە پێی دراوە، بەردەوام بۆ ئامانج و مەبەستی خۆی دەقۆزێتەوە، رووە راستەقینەکەی خۆی دژی گەلانی دێرینی سووریا بە کوردیشەوە نیشان دەدات کە چیدیکە ئەو گەلانە بەرگەی ستەم و زۆرداری" هەسەدە ناگرن و رووبەڕوویان دەبنەوە.