حیزبوڵڵای لوبنانی: ئەمریکا رێگری لە گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ دێرەزور دەکات
رووداو - هەولێر
حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا رێگری لە گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ سنووری دێرەزوور دەکەن. هاوکات رێگریش لە گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە چەکدارەکان و خانەوادەکانیان دەکەن کە ژن و منداڵ، دووگیان و بەساڵاچوویان لەگەڵدان.
ئێوارەی رۆژی شەممە 2-9-2017، لە راگەیێندراوێکدا حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا رێگرن لە چوونی ئەو پاسانەی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا دەگوازنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریایان جێهێشتبوو".
حیزبوڵڵای لوبنانی ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە جەنگییەکان رێگری لە گەیاندنی هەر یارمەتییەکی مرۆیی دەکەن بەو پاسانە بگات، کە چەکداری داعش و خانەوادەکانیان هەڵگرتوون، هەروەها ژن، منداڵ، بەسەڵاچوو، بریندار و ئافرەتی دووگیانیان لەگەڵدان.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرەڕای ئەوەی هیچ پاسێک نەگەیشتووەتە دێرەزور، هێشتا 6 لە پاسەکان لەو ناوچانە ماونەتەوە کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، کە حیزبوڵڵا و سوپای سووریا لە چوارچێوەی ئاگربەستێک دەروازەیەکی ئارامیان بۆ دەستەبەر کردبوون.
حیزبوڵڵای لوبنانی جەختی لەوەش کردووەتەوە: "بیانووی ئەمریکا کە گوایە ئامانجی سەرەکی شەڕی داعشە و نایەوێت ئەو چەکدارانە بگەنە دێرەزور، پێچەوانەی هاوکاریکردنی نزیکەی هەزار چەکداری داعشە بۆ هەڵاتن لە تەلەعفەر و گەیشتن بە ناوچە کوردییەکان لە باکووری عێراق، ئەمە بەڵگەیە کە ئامانجی ئەمریکا داعش نییە".
هەر ئەمڕۆ شەممە رایان دیڵن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی رووداو لەبارەی چارەنووسی ئەو چەکدارانەی داعش رایگەیاند: "ئێمە وەک هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی چاودێری ئەو کاروانە پاسانە دەکەین کە چەکداری داعش دەگوازنەوە، ئێمە لە سەر هەوڵەکانمان بۆ شکستهێنان بەو گواستنەوەیە و گەیشتنیان بە تیرۆریستە هاوڕێکانیان بەردەوام دەبین".
راین دیلن ئەوەشی گوت: "لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا سەرکەوتوو بووین لە بەئامانجکردنی زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی چەکدارانی داعش کە هەوڵیاندەدا لەگەڵ ئەم کاروانە یەکبگرن و تووانیشمان نزیکەی 50 چەکداری داعش بکوژین".
گوتەبێژی هاوپەیمانان ئەوەشی خستەڕوو: "لەسەر ئەو بۆردوومانانە بەردەوام دەبین و رێگەنادەین ئەم پاسانە بگەنە لای تیرۆریستە هاوڕێکانیان و لە سنووری عێراق نزیکببنەوە".
رۆژی یەکشەممە 27-8-2017، بە پشتبەستن بە رێککەوتنێک لە ناوچەی قەلەموون کە دەکەوێتە باشووری رۆژائاوای سووریا و رۆژهەڵاتی لوبنان ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنان و حکومەتی سووریا لەلایەک و داعش لە لایەکەی دیکە راگەیێندرا. یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکەش گواستنەوەی 300 چەکداری داعش بوو لە ناوچەی قەلەموونەوە بۆ دێرەزوور کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و سووریا، پاشان پرۆسەکە دەستیپێکرد، ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوەوە و بەتایبەت عێراق و هەرێمی کوردستان نیگەرانی تووندیان راگەیاند.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح