بەهۆی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێنج کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرژییەکانی ژمارەیەک شار و شارۆچکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێنج کەس بە گوللەی هێزەکانی تورکیا و گرووپەکانی نزیک لەو هێزانە کوژران، لانیکەم 15 کەسی دیکە بریندار بوون. سەرجەم دەروازەکانی نێوان سووریا و تورکیاش داخراون.
سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا، راپۆرتێکی لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەکانی رۆژی دووشەممە، 1ـی تەممووزی بەشێک لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی بڵاوکردەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکن لەون.
بەپێی سەنتەرەکە گرژییەکان بۆ رووداوەکەی چەند رۆژی رابردووی شاری قەیسەریی تورکیا دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەک هاووڵاتی تورکیا هێرشیان کردبووە سەر پەنابەرانی سووریا و ماڵەکانیان، لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا نیشاندابوو.
دیمەنی داگرتنی ئاڵا لەسەر باڵەخانەی فەرمانگەی رەگەزنامە لە شارۆچکەی ئەعزازی دەورووبەری حەلەب، ناوچەی غەندورەی دەورووبەری عەفرین و ژمارەیەک شوێنی دیکە لەو گرتە ڤیدیۆییانەبوون کە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بلاوبوونەوە.
جگە لەوە گرتەی هێرشکردن و تەقەکردن لە هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، بڵاوبوونەتەوە.
بەپێی سەنتەری دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا خۆپێشاندانەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بووەتە هۆی کوشتنی پێنج کەس و برینداربوونی 5ـی دیکە.
خۆپێشاندانەکان بۆ ژمارەیەک شار و شارۆچکەی رۆژئاوای حەلەب درێژەیان کێشاوە و لە چەندین شوێن رێگە لە بارهەڵگرەکانی تورکیا گیراوە کە ویستوویانە بچنە ناوچەکان، ئەو دروشمانەشی خۆپێشاندەران بەرزیان کردبوویەوە دژی هێزەکانی تورکیا و مانەوەیان بوون لەو ناوچانە و دژایەتی خۆشیان بۆ لێکنزیکبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان نیشاندابوو.
سەنتەرەکە لە راپۆرتەکەیدا ناوی کوژراوەکانیشی بڵاوکردوونەتەوە کە ئەمانەن:
- لوئەی سەعب
- وائیل سروور
- تەڵاڵ عمێرە
- مەحموود حەموود
- بیلال جامووس
گرژی و خۆپێشاندانەکان، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەلایەن گەنجێکی سوورییەوە لە تورکیا هات. دوای ئەو رووداوە تورکەکان لە شاری قەیسەری هێرشیان کردە سەر پەنابەرانی سووریا و شکاندنی دووکان و شوێنی مانەوەیان و داوای ناردنەوە و رۆیشتنەوەی پەنابەرانی سووریایان لەو وڵاتە کرد. بەهۆی گرژییانەوە پۆلیس نزیکەی 70 کەسی دەستگیرکردووە.