بەهۆی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێنج کەس کوژراون

02-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی گرژییەکانی ژمارەیەک شار و شارۆچکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێنج کەس بە گوللەی هێزەکانی تورکیا و گرووپەکانی نزیک لەو هێزانە کوژران، لانیکەم 15 کەسی دیکە بریندار بوون. سەرجەم دەروازەکانی نێوان سووریا و تورکیاش داخراون.
 
سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا، راپۆرتێکی لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەکانی رۆژی دووشەممە، 1ـی تەممووزی بەشێک لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی بڵاوکردەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکن لەون.
 
بەپێی سەنتەرەکە گرژییەکان بۆ رووداوەکەی چەند رۆژی رابردووی شاری قەیسەریی تورکیا دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەک هاووڵاتی تورکیا هێرشیان کردبووە سەر پەنابەرانی سووریا و ماڵەکانیان، لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا نیشاندابوو.
 
دیمەنی داگرتنی ئاڵا لەسەر باڵەخانەی فەرمانگەی رەگەزنامە لە شارۆچکەی ئەعزازی دەورووبەری حەلەب، ناوچەی غەندورەی دەورووبەری عەفرین و ژمارەیەک شوێنی دیکە لەو گرتە ڤیدیۆییانەبوون کە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بلاوبوونەوە.
 
جگە لەوە گرتەی هێرشکردن و تەقەکردن لە هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، بڵاوبوونەتەوە.
 
بەپێی سەنتەری دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا خۆپێشاندانەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بووەتە هۆی کوشتنی پێنج کەس و برینداربوونی 5ـی دیکە.
 
خۆپێشاندانەکان بۆ ژمارەیەک شار و شارۆچکەی رۆژئاوای حەلەب درێژەیان کێشاوە و لە چەندین شوێن رێگە لە بارهەڵگرەکانی تورکیا گیراوە کە ویستوویانە بچنە ناوچەکان،  ئەو دروشمانەشی خۆپێشاندەران بەرزیان کردبوویەوە دژی هێزەکانی تورکیا و مانەوەیان بوون لەو ناوچانە و دژایەتی خۆشیان بۆ لێکنزیکبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان نیشاندابوو.
 
سەنتەرەکە لە راپۆرتەکەیدا ناوی کوژراوەکانیشی بڵاوکردوونەتەوە کە ئەمانەن:
- لوئەی سەعب
- وائیل سروور
- تەڵاڵ عمێرە
- مەحموود حەموود
- بیلال جامووس
 
گرژی و خۆپێشاندانەکان، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەلایەن گەنجێکی سوورییەوە لە تورکیا هات. دوای ئەو رووداوە تورکەکان لە شاری قەیسەری هێرشیان کردە سەر پەنابەرانی سووریا و شکاندنی دووکان و شوێنی مانەوەیان و داوای ناردنەوە و رۆیشتنەوەی پەنابەرانی سووریایان لەو وڵاتە کرد. بەهۆی گرژییانەوە پۆلیس نزیکەی 70 کەسی دەستگیرکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشێکی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق.

ئیسرائیل پێنج سەربازی سووریای کوشت

وەزارەتی بەرگریی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "کاژێر 1:35ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیلی دووژمن لە ئاراستەی گۆلانەوە هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر یەکێک لە پێگە سەربازییەکانمان لەسەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان و لەنزیک کفیر یابوس لە دەوروبەری دیمەشق، بەهۆی ئەو هێرشەوە پێنج سەربازمان شەهید بوون و یەکێکی دیکەشمان برینداربوو."