سەنتەرێکی مافەکانی مرۆڤ: مانگی رابردوو گرووپەکانی سەر بە تورکیا 37 کەسیان رفاندووە
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەرێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، مانگی رابردوو هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی سەر بەو هێزانە 37 کەسیان لە عەفرین و ناوچەکانی ژێردەستیان رفاندووە، کەسوکارەکانیشان هیچ زانیارییەکانیان لەبارەی چارەنووسیانەوە نییە.
سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا، کە تایبەتمەندە بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە راپۆتێکدا رایگەیاندووە :"هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەو هێزانەوە کە خۆیان لە سوپای نیشتمانی و دەستەی تەحریرولشام دەبیننەوە، بەردەوامن لە رفاندنی هاووڵاتیان لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندان."
بەپێی سەنتەرەکە لە مانگی حوزەیران ئەو هێزانە رۆژانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک ماڵ و شوێن و بەمەبەستی وەرگرتنی سەرانە، ژمارەیەک کەسیان رفاندووە و شوێن و هۆکاری رفاندنیشیان بە کەسوکارەکانیان ناڵێن و رێگەش لەوە دەگرن پارێزەریان بۆ بگرن.
سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا ئاشکرای کردووە، لە مانگی حوزەیراندا ئەو گرووپانە 37 کەسیان رفاندووە، بەوەش کۆی ئەو کەسانەی لەساڵی 2024 رفێندراون 266 کەس دەبن، لە ساڵی رابردوودشدا 464 کەس رفێندراون، ساڵی 2022ش 720 کەس بووە.
بەپێی رێکخراوەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی رفێندراون زیاترە لەو ژمارەیە، چونکە بەشێک لە خانەوادەکان ناوێرن رفاندنی کەسە نزیکەکانیان بۆ رێکخراوەکان ئاشکرابکەن.
جگە لەوەش رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ کارە رێکخراوەکانی دزین، دەستبەرداگرتنی ماڵ و موڵک و باخی زەیتوون و بڕینەوەی دار و ئەشکەنجەدان و ئازاردانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە کردووە.
سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا، باسی لەوەکردووە؛ لەوەتەی تورکیا چووەتە نێو سووریا کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار و 116 کەس لەسەر دەستی ئەو هێزانە و گرووپەکانی نزیکیان لە باشووری سووریا تۆمارکراوە، جگە لە برینداربوونی 10 هەزار و 419 کەس، هەروەها زیاتر لە 9 هەزار و 347 کەسیش دەستگیرکراون کە نزیکەی هەشت هەزار و 70 کەسیان لێ ئازادکراوە و بەشێکیان چارەنووسیان نادیارە، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەشی لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون بە 184 کەس هەژمارکردووە.
تاوەکو 31ـی ئایاری ئەم ساڵ، 560 هاووڵاتی سووریا و هاونیشتمانیی کورد بەدەستی هێزەکانی تورکیا کوژراون، لە نێویاندا 106 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ، 69 ژن، هەروەها سێ هەزار و 105 کەسیش برینداربوون. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ئەو هێزانە حەوت کۆچبەریان کوشتووە و 30 کەسیان بریندارکردووە.