ئیلهام ئەحمەد هۆشداری لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی لە سووریا دەدات

03-02-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
  
رووداو دیجیتاڵ 
     
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی سووریا لەژێر سەرکردایەتیی یەک کەسدا و پێنەدانی دەسەڵات بە لایەنەکانی دیکە دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی. دەشڵێت، ئیسرائیل رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدیبێت و گرنگە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن. سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە رۆژئاوای کوردستان گەشبینە. 
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیایی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکە کرد. 
 
ئەو بەرپرسە کوردە دۆخی ناوخۆیی سووریا بە ئاڵۆز دەزانێت. دەڵێت، "لە رووی سەربازی و ئیدارەدانەوە، سووریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشبووە. باکوور و رۆژهەڵاتی لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی بەڕێوبەریەتیی خۆسەرە. ناوچە کەناراوەکان دۆخێکی تایبەتیان هەیە. دروزەکان یەکەی ئیدارەی خۆیان و هێزی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان هەیە. لە ئیدلیب و دەوروبەری، ئیدارە و هێزی دیکە هەیە." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا ئەگەر کەسێک بێت و بیەوێت هەموو ئەو خەڵکە لەژێر یەک سیستەمدا کۆبکاتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆ و لەلای لایەنە جیاوازەکانی سووریا قبووڵکراو نابێت". 
 
ئەو گوتانە لەکاتیکدان رۆژی 29ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە تێیدا "سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا" راگەیێندرا و ئەحمەد شەرع، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بە سەرۆککۆماری راگوزەری وڵاتەکە دیاریکرا. 
 
دەستەی تەحریر شام و داهاتووی دەستەکە لە سووریا
 
ئیلهام ئەحمەد لەبارەی ویستی هەتەشە بۆ بەڕێوەبردنی سووریا دەڵێت، "نیگەرانییەکە ئەوەیە کە هەتەشە بیەوێت سیاسەتی یەک سەرکردەیی لە سووریا پەیڕەو بکات و دەرفەتی بەشداریکردن نەداتە ئەوانەی دیکە. هەموومان پاشخان و مێژووی هەتەشە شارەزاین". 
 
ساڵی 2017 بەرەی نووسرە و چەند گرووپێکی چەکداری دیکە لە باکووری رۆژئاوای سووریا یەکیانگرت و دەستەی تەحریر شامیان دروستکرد. کانوونی یەکەمی رابردووش سەرکەوتووبوون لە رووخاندنی حکومەتی سووریا. بەشێک لە پێکهێنەرانی بەرەکە بە نزیک لە رێکخراوی قاعیدە تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد بەرپرسانی دەستەکە دەڵێن، ئێستا بیرکردنەوەی جیاوازیان بەراورد بە رابردوو هەیە. 
 
ئیلهام ئەحمەد لەوبارەیەوە گوتی، "زۆر زووە بتوانین بڕیار لەم قسەیەیان بدەین. ئەوان زۆر هەستیارن بەو بابەتە (جیهاد و بیرکردنەوەی ئیسلامی) و هەوڵدەدەن پیشانی بدەن کە لە قاعیدە جیابوونەتەوە. با چاوەڕێ بکەین و ببینین." 
 
دوای رووخانی حکومەتی سووریا، بەشێک لە وڵاتان، بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا ژمارەیەک سزایان لەسەر حکومەتی سووریا هەڵگرتووە، بەشێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتانەش ئاماژەیان بە ئەگەری دەرهێنانی دەستەکە لە لیستی تیرۆر کردووە. 
 
لەوبارەیەوە هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەوەی خستەڕوو، "دەرهێنانی دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر و لابردنی سزاکانی سەر سووریا دوو دەرئەنجامی دەبێت: یەکێکیان ئەوەیە کە دەستەی تەحریر شام دەست بەسەر تەواوی سووریادا دەگرێت و سیستەمێک بۆخۆیان دروست دەکەن، ئەوەی دیکەش ئەوەیە کە هیچ رۆڵێک بە لایەنەکانی دیکە نادەن." 
 
دۆخی رۆژئاوای کوردستان و داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات
 
بەرپرسانی سووریا ناوە ناوە باسی پێکهێنانی سووپایەک بۆ سووریا و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن. بەشێک لەو بەرپرسانە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە لە دژی هەر گرووپێک کە رازی نەبێت. 
 
لەوبارەیەوە ئیلهام ئەحمەد گوتی، "هیچ کێشەمان نییە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی یان ببنە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام پێویستە یەکەی تایبەتی خۆیان و بەشداریان لە سەرکردایەتی سوپاکەدا هەبێت." 
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کورداستان هەن. لەبارەی گرنگی مانەوەی ئەو هێزانە ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەتای ئەمساڵ، ژمارەیەک هێرشی داعش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا هەبوون. ژمارەیەک هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ئێمەش هەبوون و ژمارەیان لە زیادبووندایە." ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکانی تورکیا (بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان) هانی داعش دەدەن. بە رەچاوکردنی هەموو ئەو بابەتانە پێموایە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەو بارەیەوە روون دەبێت". 
 
پەیوەندییەکانی سەرکردایەتیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و ئیسرائیل
 
ناوە ناوە بەرپرسانی ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆیان بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان و پاراستنیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەردەبڕن. 
 
لە وەڵامی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و بەرپرسانی ئیسرائیل هەڵدەسەنگێنێت ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، "قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وا دەکەن کە هەمووان تێبگەن بەبێ رۆڵی ئیسرائیل و جووەکان، هیچ چارەسەرێکی دیموکراتی بۆ ناوچەکە نابێت". 
 
ئەو زیاتر دوا و گوتی، "ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی سووریا وا دەکەن کە پێویست بکات هەمووان بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەردا بەشداری بکەن. ئیسرائیلیش بەشێکی گرنگی ئەم بابەتەیە و رۆڵەکەی زۆر گرنگ دەبێت، بۆیە هەبوونی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل لەم ساتەدا زۆر گرنگە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد عوسمان، پارێزگاری لازقیە (لای چەپ) کاتێک میوانی رووداو بوو.

پارێزگاری لازقیە: ژمارەکە بەو جۆرە نییە کە بڵاوکراوەتەوە، لەوانەیە سەرووی 500 کەس کوژرابن

سەرەتای مانگی ئاداری 2025، شەڕ و کوشتار پارێزگای لازقیە و ناوچە کەناراوییەکانی دیکەی سووریا لەنێوان چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا و ژمارەیەک پاشماوەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد روویدا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، سەرووی 1,500 کەس کوژراون، بەڵام پارێزگاری لازقیە دەڵێت: ئەو ژمارەیە بەو جۆرە نییە کە بڵاوکراوەتەوە.